نوچە-رادیۆ فەردا
بە پێی راپۆرتی ئاژانسەکانی هەواڵ، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، چەند ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێرانی و، ژمارەیەک ئەفغانی وپاکستانی دانیشتووی ئێران، لە میانەی شەڕوپێکدادانەکانی ناوجەکانی دەوروبەری شاری حەلەبی سوریا گیانیان لە دەست داوە.
تەرمی ژمارەیەک لە کوژراوەکان لە هەندێک لە شارەکانی ئێران نێژراون و، وێنە و هەواڵەکانی پەیوەندیدار بەم کەسانە لە میدیاکانی ئێران بڵاو بۆتەوە.
ئاژانسی”اهل بیت” رۆژی دووشەممە، وێنەی چوار کەس لە کوژراوەکانی بڵاو کردەوە کە بە رەچەڵەک ئەفغانی وپاکستانی بوونە و لە چەند رۆژی رابردوودا لە سوریا کوژراون.
حەلەب لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، بۆتە مەیدانی شەڕو پێکدادانی لایەنەکان کە بە هۆیەوە رێژەی کوژراوانی بەرەکانی شەڕ بەرزبۆتەوە.
ئاماری کوژراوانی”مێحوەری بەرگری”لە سوریا، کە لە قازانجی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا روویان کردۆتە بەرەکانی شەڕی ناوخۆی ئەم وڵاتە، لە ماوەی یەک مانگی رابردوو زیاتر لە ٥٠ کەس بەراورد کراوە.
لە دەستپیکی شەڕوپێکدادانەکانی سوریا، هەواڵی کوژرانی سەربازان وهێزەکانی کۆماری ئیسلامی بە دەگمەن بڵا ودەکرایەوە، بەڵام ماوەیەکە کە راپۆرت و هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە کوژراوانی شەڕی سوریا بە ئاشکرا و بە شێوەیەکی گشتیی لە ئیران وەک بابەتی رۆژ بڵاو دەکریتەوە.