نوچە-تسنیم
کۆشکی سپی دەڵێت: باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا مانگی داهاتوو بۆ دوایین جار سەردانی ئەوروپا دەکات.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵدەریی فەرەنسا، کۆشکی سپی رایگەیاندووە، کە ئۆباما رۆژانی ٧ بۆ ٩ی مانگی جولای بە مەبەستی بەشداری کردن لە کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ، سەردانی وەرشۆ پایتەختی لەهستان دەکات، هەروەها بڕیار وایە پێش سەردانی بۆ لەهستان بجێتە ئیسپانیا.
رەنگە ئەمە دوایین سەردانی ئۆباما بۆ ئەوروپا بێت، کیشوەرێک کە لە ماوەیی سەرۆکایەتی ئۆباما لە گەل کۆمەڵێک کێشە و گرفت روبەرو بۆتەوە.
ئۆباما لە ماوەی سەرۆکایەتی ٨ ساڵەی خۆیدا، پەیوەندییەکی دژواری لە گەڵ هاوپەیمانانی لەمێژینەی خۆی هەبووە. بۆ ماوەی جەند ساڵێک ئەوروپا لە گەڵ قەیرانی دارایی روبەرو بووەوە.
دوای تێپەڕینی ٥ ساڵ لە کوژرانی قەزافی، لیبیا ئێستاش لە گەڵ قەیران وئاڵۆزی روبەرویە وئەگەری ئەوە ببێتە بنکەیەکی گرنگ بۆ تیرۆریستان و بە تایبەت هێزەکانی داعش، ئەمەش رەنگە یەکێک بێت لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەی وەرشۆ.
پەیوەندی ئاڵۆز و ناکۆکی روسیا وناتۆ لە رۆژهەڵات و ناوەندی ئەوروپا تەوەرێکی دیکەی ئەم کۆبوونەوە دەبێت.
ئۆباما بەرامبەر بە کاردانەوەی روسیا لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا گوتویەتی: رێژەی هێزە سەربازیەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا زیاتر دەکات.
ئۆباما هەروەها لە گەڵ سەرۆککۆماری لەهستان دیدار و گفتوگۆ دەکات.کۆسکی سپی لەم بارەوە رایگەیاندووە کە ئۆباما دەربارەی بەلێنی واشنتۆن بەرامبەر بە ئەمن و ئاسایشی لەهستان دڵنیایی و گەرەنتی دەداتە ئەم وڵاتە.