نوچەنێت
لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بە دەرخستەیەك دەكەن كە بەمەبەستی نۆژەنكردنەوەی ئامێری دەنگی و كڕینی مێز و كورسیی هۆڵی دانیشتنەكانی پەرلەمان تەرخانكراوە و نزیكەی پێنج ملیۆن دۆلاری تێدەچێت.
دوای زنجیرە خۆپیشاندانەكان لە دژی حكومەت و پەرلەمانی عێراق، رۆژی 30/4/2016 خۆپیشاندەران پەلاماری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان دا و بۆ چەند كاژێرێك دەستیان بەسەر باڵەخانەكەدا گرت و بەو هۆیەشەوە زیانیان بە هۆڵی دانیشتنەكانی پەرلەمان گەیاند، دواتریش بەهۆی گەڕانەوەی نوێنەرانی كوردەوە بۆ ماوەی نزیكەی مانگێك، دانیشتنەكانی پەرلەمان پەكیان كەوت.
لیژنەی دەستپاكی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئێستا سەرقاڵی بەدواداچوونن بۆ چۆنیەتی نۆژەنكردنەوەی هۆڵی ژمارە چوار كە تایبەتە بە دانیشتنەكانی پەرلەمان. عادل نوری، گوتەبێژی لیژنەی دەستپاكی راگەیاند، لە كاتی بەدواداچوونیان بۆ ئەو پارانەی تایبەت بە نۆژەنكردنەوەی ئەو هۆڵە تەرخان دەكرێت، بۆیان دەركەوتووە لە هۆڵەكەدا چەند مێزێك و ئامێرە دەنگییەكان و مایكرۆفۆنەكان زیانیان پێگەیشتووە و گوتی “ئامێرە دەنگییەكانیش دوو جۆرن، یەكێكیان ئەوانەی بۆ قسەكردن بەكاردێن، جۆری دووەمیش ئەوانەی بۆ تۆماركردنی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران بەكاردێن و زۆر پێشكەوتووش نەبوون، چونكە ساڵی 2005 لەلایەن رێكخراوێكی ئەمەریكییەوە بە دیاری بە عێراق بەخشراون.
بە گوتەی عادل نوری، ئێستا لەلایەن فەرمانگەی گشتی گەیاندنی پەرلەمانەوە دەرخستەیەك بۆ ئەو زیانانە كراوە وبەپێی ئەو دەرخستەیە بێت نزیكەی پێنج ملیۆن دۆلار بۆ نۆژەنكردنەوەكە تەرخان دەكرێت كە دوو ملیۆنی بۆ كڕینی ئامێری نوێی دەنگی و دانانی شاشەیە بۆ پەرلەمانتاران و ئەوەی دیكەش بۆ كورسی و مێزی نوێیە كە بەنیازن لەگەڵ كۆمپانیایەكی توركیدا گرێبەست واژۆ بكەن، بەڵام ئەو پارەیە زۆرە، چونكە ئامێرە دەنگییەكان بە نزیكەی 30 ملیۆن دینار چاك دەكرێنەوە.
بە گوتەی عادل نووری، لە پێش دەستبەكاربوونی ئەم خولەی پەرلەمان، بڕی حەوت ملیۆن دۆلاری دیكەش بۆ هۆڵی ژمارە سێ تەرخانكراوە كە لە تەنیشت هۆڵی ژمارە چوارە و ئەو پارەیەش دیسانەوە بۆ نۆژەنكردنەوە و كڕینی ئامێری دەنگییە، بەڵام تائێستا هیچ پێداویستییەكی بۆ دابین نەكراوە و كارەكانیشی وەستاوە و پارەیەكی زۆریش بەهەدەر دراوە. دەبوو لە سەردەمی ئوسامە نوجێفی سەرۆكی پێشووی پەرلەماندا چاك بكرایە، بەڵام ساڵی رابردوو لیژنە بۆ تەواونەكردنی ئەو نۆژەنكردنەوەیە دروستكرا و تاوەكو ئێستاش ئەنجامەكەی دیار نییە.
لیژنەی دەستپاكی بۆ رێگرتن لە خەرجكردنی ئەو پێنج ملیۆن دۆلارە بۆ هۆڵی ژمارە چوار، دوو پێشنیازیان بۆ فەرمانگەی گەیاندنی پەرلەمان كردووە. عادل نووری گوتی “بە بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەكەمان گوت یان ئامێرە دەنگییەكانی هۆڵەكە چاك بكرێنەوە، یان ئەو ئامێرانەی كە پێشتر بۆ هۆڵی ژمارە سێ كڕدراون لەوێ دابنرێن.
عادل نووری هۆشداری دا و گوتی “ئەگەر ئەو دەرخستەیە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئێمە دۆسیە لەسەر ئەو حەوت ملیۆنەی پێشتر و پێنج ملیۆنەكەی ئێستاش دەكەینەوە و هەر نووسراوێك واژۆی چ بەرپرسێكی پەرلەمانی لەسەر بێت لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكەین، چونكە ناكرێت بۆ تەنیا دوو هۆڵ نزیكەی 12 ملیۆن دۆلار خەرج بكرێت.
باڵەخانەی ئێستای ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق موڵكی ئەنجوومەن نییە، بەڵكو لەبنەڕەتدا نێوی كۆشكی كۆنگرەكانە و سەر بە وەزارەتی رۆشنبیرییە. عادل نووری گوتی “راستە ئێستا پەرلەمان لەو باڵەخانەیەدایە، بەڵام كارەسات ئەوەیە ئەو پارەیەی خەرجكراوە و ئەوەی ئێستاش بەنیازن بۆی خەرج بكەن بۆ باڵەخانەیەكە كە موڵكی پەرلەمان نییە، بەڵكو باڵەخانەی پێشووی پەرلەمانی سەردەمی بەعس لە دەرەوەی ناوچەی سەوزە و چەند ساڵێك لەمەوبەر بڕە پارەیەكی زەبەلاحی دیكەش بۆ نۆژەنكردنەوەی ئەو باڵەخانەیە خەرجكراوە.