عەزیز ئەحمەد حەمە
ڕۆژ لە وای ڕۆژ باسی زیاتر لە سەربەخۆیی باشوری کوردستان دەکرێت. زۆربەی زۆری ئەو کەس و لایەنانەش کە هەڵسەنگاندن و شیکاری بۆ ئەم بابەتە دەکەن، زیاتر بە گوێرەی حەزو ئارەزویان لەم بابەتە دەدوێن. دوژمنانی کورد و ناحەزانی سەربەخۆیی کوردستان، بە خەونی چۆلەکە وەسفی دەکەن و دەڵێن سەربەخۆیی کوردستان مەحاڵە و هەرگیز نایەتە دی. لایەنەکەی تریش کە کورد خۆیەتی لەگەڵ ئەو کەس و لایەنانەی کە هاوسۆزی کێشەی ڕەوای کوردو سەربەخۆیی کوردستانن پێیان وایە، کە ئەمڕۆ کوردستان زیاتر لە کات و دەمانێکی تر لە سەربەخۆیی نزیک بۆتەوەو، زۆری نەماوە خەونی لەمێژینەی ئەم گەلە ستەم دیدەیە بێتە دی کە لە پێناویدا دەریایەک خوێن و فرمێسکی بۆ ڕشتوە و سەدان هەزار قوربانی ناوەتە پێناوی .
باس و خواس و گفتو گۆ لەمبارەیەوە نەوەک تەنیا لە باشوری کوردستان و لە نێو عێراقدا ماوەتەوە، بەڵکو وڵاتانی درواسێ و ناوەندە نێودەوڵەتییەکانیش زۆر جار لەمبارەیەوە قسە دەکەن، چونکە باسی سەربەخۆیی کوردستان ئەگەر بێتە دی دەبێتە ڕوداوێکی زۆر گەورە لە ناوچەکەداو، کاریگەری زۆری لەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، دەبێت.
هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە دەبینین ئەمچوار وڵاتە ( عێراق- ئێران – تورکیا- سوریا ) زیاد لە هەر لایەنێکی تر لە هەوڵی ئەوەدان کە ئەم سەربەخۆییە ڕوو نەدات لە هیچ پارچەیەکی کوردستان، چونکە کاریگەری دەبێت لەسەر پارچەکانی تر و دەبێتە هیواو ئومێدێک بۆ کوردانی پارچەکانی ترو دەشبێتە پشت و پەنایەک بۆیان کە ئەوانیش خەونی لەمێژینەی سەربەخۆیی بەدی بێنن .
ڕەنگە ئەو پرسیارە بکرێت، کە بۆ دەبێت هەوڵی سەربەخۆیی لە باشوری کوردستانەوە دەسپێبکرێت؟ وەڵامەکەیشی بێگومان ئەوەیە زیاتر لە هۆکارێک هەیە کە باشوری کوردستان، بەرلە پارچەکانی تری کوردستان خەونی ئازادی بەدی بێنێ کە لێرەدا گرنگترینیان دەخەینە ڕوو.
یەکەم – پێگەشتن و کامڵبونی بیرو هەستی نەتەوایەتی لەم پارچەیەدا. زیاتر لە پارچەکانی تر، هۆکەیشی بێگومان دەگەڕێتەوە بۆ بەردەوامبونی خەبات و شۆڕشی چەکداری بۆ زیاتر لە نیو سەدە تێکۆشان بێ پسانەوە، کە لە ساڵی 1961 وە تاکو ئێستا کورد چەکی دانەناوەو بەردەوام و سوربوە، لە داواکارییەکانی خۆیی و چۆکی بۆ ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق دانەداوە.
دووهەم – بارودۆخی نێودەوڵەتی لەم پارچەیەدا گونجاوە، بەتایبەت دوای ئەو گۆڕانکارییانەی لە چارەکە سەدەی دوایی کە لە عێراقدا رویاندا، گۆڕانی تێڕوانینی وڵاتانی زلهێزو بڕیار بەدەستەکانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە عێراق بە تایبەت دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام لە 2003 ، وە داگیر کردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە .
سێهەم – هەبوونی دامودەزگایەکی بەڕێوەبەری حکومی تا ئەندازەیەک باش وبەردەوامبونی ئەم دامودەزگایانە بۆ زیاتر چارەکە سەدەیەک .
چوارەم – هەبونی پەیوەندییەکی باش لە نێوان حکومەتی باشوری کوردستان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت ووڵاتانی ڕۆژئاوا لەسەروی هەموشیانەوە ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، کە تاکو ئێستاش گەورەترین هەژمون و کاریگەری لە عێراقدا هەیە و بڕیاری زۆری بەدەستە لەو ووڵاتەدا .
پێنجەم – باشوری کوردستان زۆر دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی، لەسەروی هەموشیانەوە نەوت و گازی سروشتی، کە دەتوانرێت پشتیوانێکی گەورە بێت بۆ ئابوری ئەم وڵاتە لە حاڵەتی سەربەخۆ بونیدا ، بێجگە لە سامانی تری وەک ئاوی شیرین و زۆری تریش .
شەشەم – هەڵکەوتەی جوگرافی کوردستان بەگشتی و باشوری کوردستان بە تایبەتی، کە پێگەیەکی جوگرافی زۆر گرنگ و ئیستراتیجی هەیە لەسەر نەخشە و دەتوانین بڵێین وەک ناوەندو چەقی ئەم ناوچەیە چاوی لێدەکرێت .
حەوتەم – هەبونی لەشکری پێشمەرگەی کوردستانی بەهێزو بە ئەزموون، کە نە بەتەنیا لە ناوخۆدا بە ڵکو لە جیهانیشدا بە ڕێزەوە چاوی لێدەکرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی هێزو کاریگەرێتی خۆی سەلماند لە ڕوو بە ڕوو بونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لەم دوو ساڵەی دواییدا، وە زۆر قارەمانانە بەرگری لە خاکی کوردستان کردو نەیهێشت ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستیە کوردستان داگیر بکات .
هەشتەم – داڕمانی تەواوی دامودەزگاکانی دەوڵەتی عێراق، لە پاش روخانی ڕژێمەکەی سەدامی دیکتاتۆر لە ساڵی 2003 و داگیر کردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە، بەجۆرێکی وا کە ئەم دەوڵەتە داروبەردی بەسەر یەکەوە نەماو ئێستا هەر بەناو دەوڵەتە، دەنا لەڕاستیدا هیچ سیمایەکی دەوڵەتی پێوە نەماوە. بەجۆرێکی وا کە پێکهاتەکانی عێراق زۆر لێکترازاون و مەحاڵە جارێکی تر بتوانن لە ناو وڵاتێکدا و لە ژێر ئاڵایەکدا پێکەوە بژین و هەڵبکەن ، ئەمەش وای کردوە 3 پێکهاتە سەرەکیەکەی عێراق ( کورد ، شیعە ، سونە ) لە هەوڵی ئەوەدا بن بە تەنیا و دوور لەوانی تر بژین و حوکمی ناوچەکانی خۆیان بکەن .
ئەمانەی سەرەوە هەندێک لەو خاڵە گرنگانە بوون، کە وامان لێدەکات بڕوا بێنین بەوەی کە باشوری کوردستان سازو ئامادەیە بۆ جیابونەوە لە عێراق، لەو حاڵەتەیشدا ژێر خانی ئابوری و دامودەزگای بەڕێوەری ئەوەندە هەیە، کە بتوانێت لەسەر پێی خۆی بۆستێ و وەک دەوڵەتێکی تەواو ئازادو سەربەخۆ کارو باری هاونیشتیمانیانی خۆی بەڕێوە بەرێت .
بەڵام دەبێت ئەوەشمان لە یاد بێت ، کە بەرەی دژ بەسەربەخۆیی کوردستان وا بەئاسانی کۆڵنادات و دەستەوسان دانانیشێت، بەڵکو هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی ئەم سەربەخۆیی یە ڕونەدات ، هەر لە هاوپەیمانیەتی نێوان چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان لە نێوان خۆیاندا بۆ پیلانگێڕی لەدژی کورد، تاکو دەگاتە تێکدانی ماڵی کوردو ئاژاوە نانەوە لە ڕێگای هەندێ کەسو لایەنی ناوخۆی کوردستان، پەنا بۆ هەموو شێوازێک دەبەن تاکو نەتەوەی کورد لە هیچ پارچەیەکی کوردستان بە ئازادی خۆی نەگات و سەربەخۆ نەبێت ، وە ئەمەش بەرژوەندی هاوبەشی ئەو 4 ووڵاتەی داگیرکەری کوردستانە کە هەمیشە کۆیان دەکاتەوە .
رای ئێـــــران
دەتوانین کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر بەڕوونی لەپێشی پێشەوەی بەرەی دژ بەس بەسەربەخۆیی باشوری کوردستان ببینین، تەنانەت زیاتر لەدەوڵەتی عێراق خۆیشی، ئێران دژایەتی ئەمە دەکات. ئەمەش لە لێدوانی بەرپرسەکانیان بگرە تا دەگاتە نوسینی ڕۆژنامەو گۆڤارو میدیاکانیان، هەروەها تەلەفیزۆن و ڕادیۆو ئەوانی تر زۆر بەڕوونی دیارە کە ئێران زۆر لەخەمی ئەودایە کە سەربەخۆیی باشوری کوردستان لە بەرچاوی ڕای گشتی ناوخۆو دەرەوە لەکەدار بکات .
لەمبارانەوە شرۆڤەکارێکی ئێرانی بە ناوی ( مەسعود سەدر محەمەدی ) کە نزیکی دەسەڵاتیشە دەڵێت ( بەم زوانە ئیسرائیلێکی تر لە نزیک سنورەکانی ڕۆژئاوای ئێران دادەمەزێت ) بێگومان مەبەستی سەربەخۆ بونی کوردستانی باشورو جیابونەوەیەتی لە عێراق ، هەروەها محەمەدی زیاتر درێژەی پێ دەدات و دەڵێت ( ماوەی 20 ساڵ دەبێت کە کوردەکان خەریکی جێبەجێکردنی ئەم بەرنامەیەن کە حکومەتێکی دیفاکتۆ دامەزرێنن و وە ئێمە وەکو پێویست کارمان نەکردوە بۆ بەرەو ڕوبونەوەی ئەم کارەساتە ، کە ئەگەر هاتوو ئەم پیلانە سەریگرت ئەوا کاریگەرێتی زۆر دژواری دەبێت لەسەر ئێران ) .
کەسایەتیەکی تری ئێرانی ( سادقی مەلەکی ) کە ڕاوێژکاری ( عەلی خامنەئی ) یشە ، لە ڕۆژنامەی کەیهانی سەر بەدەوڵەت نوسیوە دەڵیت ( دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان زۆر نزیک بۆتەوە )
(عەلی ویلایەتی ) وەزیری دەرەوی پێشوی ئێرانیش لەبارەی سەربەخۆیی کوردستانەوە دەڵێت ( ئەو دەوڵەتەی کوردەکان دەیانەوێت دایمەزرێنن وەک ئیسرائیلێکی دووهەم دەبێت لە ناوچەکەدا ).
هۆی دژایەتی کردنی ئێران بۆ سەربەخۆیی باشوری کوردستان ئاشکرایە، چونکە لە کوردستانی بندەستی ئێرانیشدا نزیکەی 12 ملیۆن کورد دەژین و ئەو بەشەی کوردستانیش دوو هێندەی باشوری کوردستان دەبێت. هەربۆیەشە لەحاڵەتی سەربەخۆ بونی باشوری کوردستان، دەبێتە نمونەیەکی زیندو بۆ کوردەکانی ئەو پارچەیەش لەو دیو سنورە دەستکردەکان و وەک پشت و پەنایەکیش چاوی لێدەکەن. لە بیریشمان نەچێت کە چۆن کۆماری کوردستان لە مهاباد ساڵی 1946 بەسەرۆکایەتی خوالێخۆشبو پێشەوا قازی محەمەد، بە دڕندانەترین شێوە لە دوای 11 مانگ ناو برا و سەرۆک کۆمارەکەیشی لە سێدارە درا .
رای عێــــراق
بیروڕای عێراقیەکان ( بیجگە لە کورد ) دەتوانین بلێین زۆربەی هەرە زۆریان لە دژی سەربەخۆیی باشوری کوردستانن، بەڕای فەرمی و جەماوەری و شەقامی عەرەبیشەوە پێیان وایە کورد مافی ئەوەی نی یە خەونی ئازادی ببینێت و ئەو پارچەی کوردستان لە عێراق جیا بکاتەوە و، سەربەخۆیی خۆی ڕابگەێنێت !
* ( نەهلە هیبابی ) کە خانمە پەرلەمانتارێکی عەرەبی پەرلەمانی عێراقە دەڵێت”لە دوای تەواو بونی شەڕمان لەگەڵ داعش ، جەنگێکی تر بەڕیوەیە لە نێوان بەغدا و هەولێر ئەویش لەبەر ئەوەی کە کوردەکان دەیانەوێت عێراق پارچە بکەن ” .
* شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی ( ئەحمەد سەلمان ) لەمبارەیەوە دەڵێت” کوردەکان لە هەوڵی ئەوەدان لە عێراق جیا ببنەوەو دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان دروست بکەن ، نابێت ڕێگەیان پێ بدەین کە ئەم کارە سەر بگرێت ، دەبێت لە دژی سەربەخۆیی ئەوان بوەستین”.
* ( محەمەد مەهدی بەیاتی ) کە یەکێکە لە سەرکردەکانی شیعە و بەرپرسێکی باڵای ( ڕێکخراوی بەدرە ) دەڵێت” دەبێت بەرەو ڕووی کورد بۆستینەوە و نەهێڵێن ئەو خەندەقەی کە خەریکن هەڵیدەکەنن لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەشەکانی تری عێراق تەواو بکرێت ، چونکە ئامانجی کوردەکان لەم هەنگاوە جیابونەوەیە لە عێراق و سەربەخۆ بونیانە ”
رای تـــــــورکیــــا
دەربارەی ڕای دەوڵەتی تورکیا ، ئەم باسە بۆئەوان زۆر گرنگ و پەیوەندیدارە. لەبەر ئەوەی کە گەورەترین پارچەی کوردستان دەکەوێتە بندەستی ئەو دەوڵەتە، تاکو ئەندازەیەک هەڵوێستیان تەمومژاوی و نارونە، هەندێک جار دەڵێن ئەمە بابەتێکی ناوخۆیی دەوڵەتی عێراقە و ئێمە دەستێوەردان ناکەین، بەڵام جاری واش هەیە لێدوانی توندڕەوانە لە دژی سەربەخۆیی باشوری کوردستان دەدەن و دەڵێن ئەم باسە بۆ تورکیا هێڵی سورە و بە هەموو شێوەیەک لە دژی دەوەستینەوە، ئینجا دێن و دوبارە هەڵوێستی خۆیان دەگۆڕن و ئاڵای کوردستان لە پاڵ ئاڵای تورکیا دادەنێن لە کۆشکی کۆماری لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، لە کاتی پێشوازیکردن لە ( مەسعود بارزانی ) سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین، لەم ساڵانەی دواییدا گۆڕانێک لە هەڵوێستی تورکیادا دەبینرێت بەرانبەر کوردو کێشەکەی ، ئەگەر چی ئەو گۆڕانکاریانە زۆر گەورە نین بەڵام لەچاو جارانی تورکیادا کە بۆ ماوەی 80 ساڵی ڕەبەق نکولی لە هەبوونی ملیۆنان کورد دەکرد لەو ووڵاتەدا ، شایانی باس و بینینە .
رای سوریا
هەلوێستی دەوڵەتی سوریا، دەربارەی سەربەخۆیی باشوری کوردستان و جیابونەوەی لە عێراق، ئەمانیش وەک دەوڵەتانی تری داگیر کەری کوردستان زۆر لە دژی سەربەخۆیی کوردن لە هەر پارچەیەکی کوردستان بێت، بەڵام لەبەر ئەوەی سوریا خۆی لە ساڵی 2011 وە گیرۆدەی شەڕێکی زۆر دژوار بوە لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا، هەر بۆیە بە فیعلی هیچ کردارێکی ئەوتۆی لەدەست نایەت بۆ ڕێگرتن لە سەربەخۆیی باشوری کوردستان ، بەتایبەت کە دەبینین حکومەتەکەی ( بەشار ئەسەد ) ی عەلەوی تەنیا %20 خاکی سوریای بەدەستەوە ماوە و کوردەکانی سوریاش توانیویانە ناوچەکانی خۆیان کۆنترۆڵ بکەن و ماوەی نزیکەی 4 ساڵە کە خۆیان کاروباری ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوە دەبەن .
مێــــژویەکی تـــاڵ !
ئەم هەڵوێست و ڕایانەی سەرەوە کە باسمان لێ کردن، بۆکورد مێژوویەکی تاڵ وەبیر دێنێتەوە کە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، بەردەوام پێکەوە لە پیلانگێڕی و دوژمنایەتیان بەرانبەر بە کورد هاوبەش بوون، هیچ کاتێک درێغیان نەکردوە لەوەی کە نەهێڵن ئەم نەتەوەیە بە بچوکترین و سەرەتایی ترین مافی خۆی بگات. هەرچی لەدەستیان هاتبێت لەم پێناوەدا کردویانە بۆ ئەوەی دەنگی کورد بە هیچ شوێنێک نەگات و نەبێتە خاوەنی هیچ مافێک و لە هەوڵی تواندنەوەی نەتەوەی کوردا بون لە ناو نەتەوەکانی تری تورک و عەرەب و فارسدا، لەمێژوی کۆن و نوێ لانی کەم دەتوانین زۆر پیلانگێڕی و هاوپەیمانی و هاوکاری داگیر کەرانی کوردستان باس بکەین، لەوانەش ( پەیماننامەی چاڵدێران 1514 – پەیماننامەی سەعد ئاباد 1937 پەیماننامەی بەغدا 1955 – پەیماننامەی جەزائیر 1975 ) بە نمونە وە بیر بێنینەوە ، ئێستاش ئەگەر بێت و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان بۆیان بلوێت ، ئەوە بە دڵنیاییەوە ناهێلن نەتەوەی کورد ئاسودە بژی و بەردەام دەبن لە هەوڵی لە ناوبردن و تواندنەوەی کورد .
بەڵام لە ئێستاداهەڵوێستی پشتگیری لە سەربەخۆیی کوردستان کەم نین !
ئەو هەڵوێست و ڕایانەی سەرەوە کە باسمان لێوە کردن زۆربەیان لەدژی خواست و ئارەزوەکانی نەتەوەی کورد بوون بۆ سەربەخۆیی، کە زۆرینەشیان ڕای ئەو ووڵاتانەن کە کوردستانیان داگیر کردوە، ئێستاش هەندێک ڕای ئاراستەی تری پشتگیری لە سەربەخۆیی کوردستان دەخەینە ڕوو .
* سەفیری یەکێتی ئەوروپا لە عێراق ( پاتریک سیمۆنیت ) دەڵێت ( ڕاپرسی کردن بۆ سەربەخۆیی کوردستان بابەتێکی ناوخۆیی کوردستانە و ئێمە دەستێوەردانی تێدا ناکەین ).
* ( بێرنارد کۆشنێر ) وەزیری دەرەوەی پێشوی فەرەنسا لەمبارەیەوە دەڵێت ( فەرەنسا پشتگیری لە سەربەخۆیی کوردستان دەکات، ئەگەر کوردستان سەربەخۆ بێت فەرەنسا لەڕیزی پێشەوەی ئەو وڵاتانە دەبێت کە ئیعتراف بە سەربەخۆیی کوردستان دەکات ) .
* ( زالمای خەلیلزاد ) سەفیری پێشوی ئەمریکا لە عێراق دەڵێت ( پێویستە جیهان ئامادە بێت بۆ پێشوازی کردن لە سەربەخۆیی کوردستان ) .
* ( ساڵح قەلاب ) وەزیری ئەردەن بۆ ڕاگەیاندن دەڵێت ( پێویستە لەسەر عەرەب یارمەتی برا کوردەکانیان بدەن بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەگەر بیانەوێت لە شەڕەنگێزی ئێران و پیلانەکانی ڕزگاریان بێت ) .
* هەروەها سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ( بنیامین ناتانیاهوو ) دەڵێت ( پێویسە کۆمەڵگای نێو نەتەوەیی یارمەتی کورد بدەن، بۆ سەر بەخۆیی چونکە ئەم نەتەوەیە قارەمان و جەنگاوەرن هەورەها گەلێکی هاوچەرخن و حەز بە پێشکەوتن دەکەن و مافی خۆیانە سەربەخۆ بن ) . شایانی باسە ناتانیاهوو تەنیا بەرپرسێک نی یە لە ئیسرائیل کە پشتگیری خۆی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بە ئاشکرا دەربڕیبێت ، بەڵکو پێشوتریش چەندین بەرپرسی باڵای ئیسرائیل لێدوانی لەم جۆرەیان داوە بەگوێی جیهاندا ، لەوانەش وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ( ئیغیدور لیبەرمان ) هەروەها وەزیری دادی ئەو ووڵاتە خاتوو ( ئیلیت شاکیت ) و زۆر بەرپرسی تریش .
* دەربارەی هەڵوێستی یەکەمین زلهێزی جیهان – ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا – دەتوانین هەڵوێستی جێگری سەرۆکی ئەمریکا ( جۆ بایدن ) بە یاد بێنینەوە کە خۆی ئەندازیاری دابەشکردنی عێراقە بۆ 3 ووڵاتی کوردو شیعە و سونە ، وە بیرۆکەی دابەشکردنی عێراق بەر لە چەند ساڵێک لەوەوە باسی لێوە کرا .
رای کورد دەربارەی سەربەخۆی
دەربارەی ڕای کورد خۆی چۆن لە سەربەخۆیی دەڕوانێت ، رەنگە لای هەموان ئاشکرا بێت کە زۆربەی زۆری کورد بە ئاواتی ئەو ڕۆژەیە کە ئازاد و سەربەخۆ لە ووڵاتی خۆیدا خۆی حوکمی خۆی بکات، دوور لە چەپۆک و ژێردەستەیی داگیرکەران .
بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین، خەونی سەربەخۆیی خەونی هەموو کوردێکە ، لەم پێناوەدا نەتەوەی کورد ڕوبارێک خوێن و فرمێسکی ڕشتوەو سەدان هەزار ڕۆڵەی خۆی کردۆتە قوربانی بۆ وەدی هاتنی ئەم ئاواتە ، هەربۆیەشە ئەم گەلە زیاتر لە هەموو شتێک تامەزرۆی ئازادیە .
ئەو ڕاپرسی یەی نا فەرمیەی کە بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە ساڵی 2005 لە باشوری کوردستان ئەنجامدرا و سەرەنجام زیاتر 97% ی دەنگدەرانی کورد بە (( بەڵـــێ )) دەنگیاندا بۆ سەربەخۆیی، ئەوە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە هەر کاتێک هەلێک بۆ سەربەخۆیی هەڵبکەوێت کورد ئامادەیە ، هەروەک ئێستا کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ( مەسعود بارزانی ) سورە لەسەر ئەوەی کە لەمساڵدا ( 2016 ) ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام بدرێت .
کورد مافی خۆیەتی وەک گەلانی تری ناوچەکە ئازادو سەربەخۆ بێت، بەڵام جیا لەمەش لەدامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە لە ساڵی 1921، لکاندنی باشوری کوردستان بەم دەوڵەوە، تاکو ئێستا بەشی کورد تەنیا جینۆسایدو قەلاچۆکردن بوە ، شارو گوندەکانی کوردستان هەمیشە بە تانکو تۆپ و تەیارە خاپور کروان و هەموو جۆرە چەکێک لە دژی کورد بەکارهێنراوە ، بەچەکی کیمیاویشەوە ، دەیان هەزار کورد ئەنفال و بێ سەرو شوێن کراون .
تاکو ئێستاشی لەگەڵ بێت هیچ گۆڕانکاریەک لە بیرو بۆچونی فاشیزم و شۆڤێنیزمی دەسەڵاتدارانی بەغدا و زۆرینەی عەرەبی عێراق، بەرانبەر بە کورد بەدی ناکرێت .
ســـــەرەنــــجام
پاش باسکردنی ئەو ڕاستیانەی سەرەوە ، دەگەینە ئەوە ی کە سەربەخۆیی باشوری کوردستان دوور نی یەو لە هەر دەمێکی تر نزیکترە ، خەون و خەیاڵیش نییە، بە تایبەت پاش ئەوەی کە کورد لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی 25 ساڵی ڕابردودا بۆ جیهانیان سەلماند دەتوانن حوکمی خۆیان بکەن و هۆکارێکن بۆ هێمنی و سەقامگیری ناوچەکە، تەنانەت باشتریش لە حکومەتی بەغدا کە حکومڕانیەکی فاشیل و پڕ لە کێشەو ناڕەوایەتییەو تا بینەقاقای نوقمی گەندەڵی یە.