نوچەنیت: الوقت
کورد لە عێراق لە مێژ ساڵە، ویست و خەونی سەربەخۆییان کردۆتەوە رێڕەوێک بۆ کۆتایی هێنان بە ژیانی ژێردەستی. ئەوان باس لە سەربەخۆیی دەکەن.سەربەخۆیی بۆ تێپەڕین لە دۆخێک کە زۆر جار بە چاوی گومانەوە لێی دەڕوانن. بۆیە ناکرێ بە موتڵەقی بگوترێ کە ئەوان رێگای بەهەشتیان گرتۆتە بەر یان بە پێچەوانەوە لە دۆزەخ و، روباری شەڕە خوێناوییەکانی عێراقی نوێ نقوم دەبن. هەر وەک ریچارد تێلی گوتویەتی، دەوڵەتەکان لە دڵ و هەناوی شەڕ و خوێن لە دایک دەبن. ئەمە راستییەکی مێژووە.
دۆخی بەرزەخی زاڵ بە سەر کوردستاندا هەمیشەیی نابێت، چونکە لە هەر حاڵەتێکدا ئەم بڕیارە رۆژێک کردەیی دەکرێتەوە. سەرکردەکان و کۆمەڵگاکەی یان دەبێ بیر لە گەڕانەوە بۆ دۆزەخی رابردوو بکەنەوە، یان بڕیار لە سەر گرتنە رێگای سەربەخۆیی بکەنەوە. ئەمە هەمان ئەو دڕدونگی و راڕایی کردنەیە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەک زۆرێک لەو دەوڵەتانەی ناوچە کە سەردەمانێک لەم دۆخەدا ژیاون، دەوڵەتانێک کە سەردەمی خۆی دەوڵەتی نەخۆش،ن اکارامە و تێکشکاو هەژمار دەکران، ناچارە بیر لە دەربازبوون لەم دۆخە بکاتەوە. ئایا ئەو دەوڵەتەی کە خەونی پێوە دەبینن هەمان ئەو یۆۆپیایە کە سەرکردەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، یان ئەو جەهەندەمەیە کە رکابەر و ناحەزان و دوژمنەکانی خەونی پێوە دەبینن.ئەم پرسیارە دەبێ بسپێردرێ بە ئایندە و روداوە چاوەڕواننەکراوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق.
هاوکات کە کورد چاوی بڕیوەتە داهاتوو. بەشێکی بە ترس و گومانەوە دەڕوانێتە ئەم داهاتووە ،ترس لە دۆخی ناوخۆیی هەرێمەکە وکێشە سیاسی و ئابورییەکانی. ترس لە رکابەرایەتی لایەنەکان و ترس لە نایەکگرتوویی بۆ بنیاتنانی ئەم داهاتووە. ترس وگومان لە کردەوە ودژکردەوەی لایەنەکانی ناوخۆی عیراق و وڵاتانی دراوسێ، کە بێگومان بە گومانەوە دەڕواننە هەر جۆرە سەربەخۆییەکی کورد وزمانی هەڕەشە بەکاردێنن.
ئەو فاکتەرانەی کە ئاماژەی پێدران، رەنگە ناکۆکییەکانی لایەنە کوردییەکان چڕتر بکاتەوە، کە ئەمە لە خۆیدا دەرفەتێک دەخاتە بەردەم دەوڵەتانی ناوچە کە بەربەست بخەنە سەر رێی سەربەخۆیی کوردەکان، کە هیوایان لە سەری هەڵچنیوە.
روویەکی دیکەی ئەم نیگەرانیانە، ترس لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونە تاڵەکانی ناوخۆیە و تێوەگلانی هەرچی زیاتریان لە کێشە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵاتەییەکان، بەڵام نابێ فەرامۆش بکرێ کە ئەسڵی یەکەم لەم بریارە ریسکە، هەمان هیوا هەڵچنراوەکانە بۆ داهاتوو. وەک باسکاڵ دەڵێت ئەوەی لە کاروباری ئایینی گرنگە مەرجی ئیمانە، چونکە ئاگاداری داهاتوو نین.
کورد لە عێراق، سەرکردە و لایەنە سیاسیەکان و خەڵکی سەرشەقام بە تێكڕا لە مەودای نێوان بەرزەخ و سەربەخۆیی دەژین. ئەوان لەم دۆخەدا رەنگە بژاردەی کەمیان بە دەستەوە بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا بژاردەکان چارەنوسساز و یەکلاکەرەوەن کە هەر کامەیەن ئایندەی کورد دەخاتە ژیر کاریگەرییەوە.
ئەم بڕیارە ئێستا کەوتۆتە سەر رێگای بێ گەڕانەوە. رای گشتی لایەنگری ئەم رەوتەیە، بەڵام دەبێ چاوەڕێ بکرێ کە بە چ شێوەیەک عەقڵانی دەکرێتەوە و لە مەیدانی کردەوەدا چۆن رەنگ دەداتەوە. ئەم چارەنووسە کە پرسیاری لە سەرە، پرسی هەموو تاکێکی کوردە. ئەوەی راستی بێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شارەزایانی بواری سیاسی و نێودەوڵەتی، ناتوانن بە پێی رەوتی مێژوو پێش بینیەکانی خۆیان بخەنە روو، چونکە ئەوەی یەکلاکەرەوەیە رەوتی رووداوەکانە کە بە تێکڕا رەوت و بڕیارەکان بەرەو گۆڕانکاری ئاراستە دەکەن.