نوچه‌نێت-ئیلاف
رێكخراوێكی ئه‌وروپی كه بایه‌خ به مافی مرۆڤ له عێراق ده‌دات ئێران و میلیشیا شیعه‌كان به‌وه تاوانبار ده‌كات كه خه‌ریكی پاكتاوی ره‌گه‌زیی سوننه‌كانن.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا، كه رۆژی یه‌كشه‌ممه 5-6-2016 بڵاویكردووه‌ته‌وه، رێكخراوی ئه‌وروپی بۆ ئازادبوونی عێراق ده‌ڵێت، وادیاره له شه‌ڕی فه‌لوجه‌دا ئه‌زموون وه‌رنه‌گیراوه له‌و تاوانانه‌ی میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران ئه‌نجامیدان.
سه‌رۆكی رێكخراوه‌كه سترۆن ستیڤینسنه، كه له نێوان 2009-2014 ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا و سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق-ئه‌وروپا بووه له هه‌مان ماوه‌دا.
رێكخراوه‌كه هۆشداریداوه له ئه‌نجامدانی كرده‌ی كۆمه‌ڵكوژی فه‌لوجه له لایه‌ن میلیشیای حه‌شدی شه‌عبیه‌وه.
له نوێترین به‌یاننامه‌ی رێكخراوه‌كه‌دا هاتووه “میلیشیاكانی سه‌ر به رژێمی ئێران به سه‌رۆكایه‌تی قاسم سلێمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سه‌ر به سوپای تیرۆرستی پاسداران ده‌ستیانداوه‌ته كوشتاری خه‌ڵكی سڤیل و سوتاندنی مزگه‌وت و ماڵه‌كان و ته‌نانه‌ت سه‌ربڕینی خه‌ڵك”.
به‌پێی به‌یاننامه‌كه، ئێستا 17 میلیشیای شیعه‌ی سه‌ر به ئێران له عێراقدا و له چوارچێوه‌ی حه‌شدی شه‌عبی چالاكن. هه‌روه‌ك ئاماژه‌كراوه به سه‌ربڕینی 17 كه‌سی سوننه مه‌زهه‌ب له‌لایه‌ن ئه‌و میلیشیایانه له شارۆچكه‌ی گه‌رمه‌ی نزیك فه‌لوجه.
سه‌باره‌ت به به‌شداری سوننه‌كان له شه‌ڕی فه‌لوجه‌دا رێكخراوه‌كه ده‌ڵێ، له به‌رامبەر به‌شداری ژماره‌یه‌كی زه‌به‌لاحی میلیشیا شیعه‌كان له‌و شه‌ڕه‌دا، ته‌نیا چوار هه‌زار سوننه له شه‌ڕه‌كه‌دا به‌شدارن كه چه‌كی قورسیان پێنییه و له په‌راوێزی شه‌ڕه‌كه‌دان.