نوچە-رادیۆ فەردا
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کاردانەوەی بەرامبەر بە راپۆرتی ساڵانەی ئەمریکا دەربارەی دۆخی تیرۆریزم لە جیهان دەڵێت، کۆماری ئیسلامی جیدیترین و کاریگەرترین هێزی دژبە تیرۆریزمە.
تاران هەروەها رایگەیاندووە، کە هاوپەیمانانی ناوچەیی واشنتۆن پشتیوانی لە داعش و گروپە تیرۆریستیەکانی دیکە دەکەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە راپۆرتی ساڵانەی خۆی دەربارەی دۆخی تیرۆریزمی جیهانی، کۆماری ئیسلامی وەک “گەورەترین دەوڵەتی پشتیوانی تیرۆریزم لە جیهان” لە ساڵی ٢٠١٥ ناساندووە.
بە گوێرەی ئاسۆشیتێدپرێس، لە راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا کە رۆژی پێنج شەممە ٢ی جونەی بڵاو بۆتەوە، هاتووە ئێران لە رێگەی دانی یارمەتی دارایی، مەشق پێکردن و پڕچەککردنی گروپە توندڕەوەکانی وەک حزبولڵای لوبنان وەک گەورەترین دەوڵەتی پشتیوانی تیرۆرزیم لە جیهاندا دەناسرێ.
حسێن جابر ئەنساری، وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، چوارچێوەی سیاسەتی دروستی ئێران هاوکاریکردنە لە گەڵ وڵاتان و رێکخراوەنیودەوڵەتییەکان، لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی هەمەلایەنی تیرۆر لە جیهاندا.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، کە ئێستا ئەمریکا بە شێوەی ئاشکرا پشتگیری تیرۆریزم و رەوتە توندڕەوەکان دەکات و لە رێگای چاوپۆشی کردنی لە پشتیوانیە سیاسی و داراییەکانی سعودیە و هاوپەیمانانی لەم گروپانە یارمەتی تیرۆریزمی داوە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هاتووە، ئەمریکا گەورەترین پشتیوانی تیرۆریزمی دەوڵەتییە و لە رێگای پشتیوانی کردنی بێ سنور و بێ مەرجی لە ئیسرائیل، بۆتە هۆی ئەوەی کە فەلەستینیەکان لە مافە بنەڕەتیەکانیان بێ بەش بن.