نوچەنێت
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی داعش، هەڕەشەدەکەن کە ئەگەر میلیشیا شیعەکان بڕۆنە ناو فەللوجە، ئەوا بۆردومانەکانیان بۆسەر داعش لەو شوێنە رادەگرن.
کریس گارڤەر، گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایگەیاند، گەر میلیشیاکان بچنە نێو فەللوجە، ئەوا بۆردوومانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ پاڵپشتیکردنی هێزەکانی عێراقی دەوستێنین.
گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەکرد “پاڵپشتی ئاسمانی تەنیا بۆ هێزەکانی حکومەتی عێراقی و چەکدارانی سوننەکانە و تەقە بۆ یارمەتیدانی ئەو یەکانە ناکەین، کە کار بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراقی ناکەن”. ئەمە وەک ئاماژەیەک بۆ میلیشیا شیعەکان.
گارڤەر رایگەیاند، لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا هێزەکانی هاوپەیمانان 48 بۆردوومانی ئاسمانیان لە فەللوجە ئەنجامداوە.
لە سەرەتای ساڵی 2014 و دوای كشانەوەی هێزە ئەمنییەكانی عێراق چەكدارانی داعش شارۆچكەی فەللـوجەیان كۆنترۆڵكرد، رۆژی دووشەمە 22-5-2016 حەیدەر عەبادی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شارۆچكەی فەللـوجەی لەدەست چەكدارانی داعش راگەیاند، تاوەكو ئێستاش چەندین ناوچەیان لە دەورووبەری شارۆچكەكە كۆنترۆڵكردوەتەوە.