نوچە-ئیندیپێندەنت
رۆژنامەی ئیندیپێندەنت, راپۆرتێکی پاتریک کۆکبێرنی بڵاو کردەوە کە تیشک دەخاتە سەر گرژییە سیاسیەکانی عێراق، بەڵام ئەمجارە لە روانگەی شۆفێری ئەو بارهەڵگرانەوە کە ناچارن شتومەک بگوازنەوە بۆ ژمارەیەک شارو شارۆچکە.
راپۆرتەکە دەڵێت, عێراق بۆ ژمارەیەک سەنتەری هێز دابەش بووە، کە رکابەری یەکترن، شۆفێری بارهەڵگرەکانیش باشترین کەسێکن کە وەسفی ئەم دیمەنە سیاسییە بکەن.
محەمەد عودەی دەڵێت ” ژیانمان مەترسیدارە”.
محەمەد عودەی شۆفێرێکە لە تەنیشت کۆمەڵێک شۆفێریتر کە زۆرینەیان سوننەن لەژێر سێبەری پردێکی تەنیشت شوێنی وەستانی بارهەڵگرەکان دانیشتوە، لە قەراغ شاری کەرکوکی دەوڵەمەند بە نەوت.
زۆرینەی شۆفێرەکان عەرەبی سوننەن لە ناوچەکانی رومادی و ئەنبار.
یەکێک لە شۆفێرەکان کە خەڵکی ئەنبارە و فرۆکە ئەمریکییەکان 80%یان وێران کردووە و ماڵەکەی تەنها ژوورێکی ماوە و خیزانەکەی بە ناچاری تێیدا دەژین دەڵێت، رێگای ئەنبار لەو پەڕی مەترسیداریدایە.
ئەو شۆفێرە باسی خاڵەکانی پشکنین دەکات و دەڵێت، توشی مەینەتی زۆر دەبینەوە به تایبەت لە رێگەی رۆژئاوای شارەکە، کەس ناوێرێت بچێت بۆ ئەنبار، خاڵێکی پشکنین هەیە پێی دەڵێن بیزیبیز و میلیشیا شیعەکانی وەک کەتائیبی حزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەقی لێیە، کە پرسیاری ناوە سوننییەکانی وەک عوسمان و عومەر و مەعاویە دەکەن، ئەگەر دەستگیریشیان نەکەن ئەوا 800 بۆ 1000 دۆلاریان لێوەر دەگرن تا رێگەیان دەدەن تێپەڕن.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەداوە، کە باج وەرگرتن لە بارهەڵگرەکان بووەتە سەرچاوەی داهات بۆ زۆرێک لە میلیشیاکان، بە بیانووی گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی زۆرترین بەرتیل لە بارهەڵگرەکان وەردەگرن.
شۆفێرەکانی کەرکوک دەڵێن، لە بازگە بچوکەکان 500 دۆلار وەردەگرن، بەڵام بازگەی گەورەتر هەن نزیکەی 5 هەزار دۆلار وەردەگرن بۆ ئەو شتومەکانەی کە زوو خراپ دەبن، وەک مریشک و هێلکە.
ئەمەش هەر ناکەوێتە ئەستۆی شۆفیرەکە بەڵکو دەکەوێتە ئەستۆی هەموو كڕیاران بەوەی کە گرانتر پێیان دەفرۆشرێت.