نوچەنێت-دەنگی ئەمریکا
نەتەوەیەکگرتووەکان رۆژی پێنجشەممە 2-6-2016، لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە کە هاوپەیمانێتی ئیسلامی دژی تیرۆر بە سەرکردایەتی سعودیە لە مەسەلەی کوشتن و بریندارکردنی 60% لە منداڵان لە یەمەن لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا بەپرسیارە. بە پێی ئەم راپۆرتەی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە هێرشەکانی هاوپەیمانێتی ئیسلامی دژ بە تیرۆر کە سعودیە سەرکردایەتی دەکات، ساڵی 2015 نزیک بە 510 منداڵ کوژراون و 667 منداڵی دیکەش برینداربوون.
لە راپۆرتەکەی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا ئاماژە بەوە دراوە، کە نیوەی ئەو شوێنانەی کە لە لایەن هاوپەیمانێتی سعودیەوە کراونەتە ئامانجی هێرشە سەربازییەکان، قوتابخانە و نەخۆشخانەکانی ئەم وڵاتە بوونە.
راپۆرتەکە ئەوەش دەخاتەڕوو، کە گروپی قاعیدە لە نیمچە دوورگەی عەرەبستان لە لیستی رەشی نەتەوەیەکگرتووەکاندایە.
نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتەکەی خۆیدا روونی کردۆتەوە، کە ئەو گروپانەی دەخرێنە لیستی رەشەوە کە منداڵانیان وەک سەربازی بەرەکانی شەڕ بە کارهێناوە یان ئەوەی کە ئازاری سێکسی و دەسترێژییان دەکەنە سەر. هەروەها ئەو گروپانەی کە بە هۆی هێرشەکانیانەوە منداڵان دەکوژرێن یان بریندار دەبن یان ئەوەی کە بە دیل دەگیرێن، دەخرێنە لیستی رەشەوە.
بان کی مۆن جەختی لەوە کردۆتەوە، کە لە ئەنجامی پەرەسەندنی شەڕ و پێکدادانەکان، مافەکانی منداڵان بە شێوەیەکی بەربڵاو پێشێلکراوە.