نوچە-ئیسنا
باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: گەورەترین هەڵەی سەردەمی سەرۆکایەتیم لە سیاسەتی دەرەوە نەبوونی پلان و بەرنامەی روون بوو، لە دوارۆژی گۆڕینی رێژیمی سیاسی لە لیبیا.
بە گوێرەی ئاسۆشیتێد پرێس، باراک ئۆباما لە وتووێژ لە گەڵ کەناڵی هەواڵی پی.بی.ئێس رایگەیاندووە: نەدەبوو ئەمریکا لە دوای کەوتنی قەزافی، لە رادەبەدەر حیسابی لە سەر ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانێتی کردبا.
سەرۆککۆماری ئەمریکا دەڵێت: لە سیاسەتی دەرەوەماندا بڕیارمان دا، کە وەک بەشێک لە هاوپەیمانیەتییەکی گەورەتر بچینە لیبیا، تا لەوەی دڵنیا بین کە قەزافی نەتوانێ بە شێوەی بەربڵاو لەم وڵاتە کوشت و کوشتار بکات.
هەروەها دەڵێت، ئێمە توانیمان گیانی هەزاران کەس رزگار بکەین، بەڵام من بۆ پێکهێنانی سەقامگیری و پستگیریکردنی دەوڵەتی لیبیا، لە رادەبەدەر پشتم بە وڵاتانی دیکە بەست، وەک دەبینین ئێستا ئەم وڵاتە ئاڵۆزی پێوەدیارە.
ئۆباما سەبارەت بەو دۆخەی کە ئێستا باڵی بە سەر لیبیادا کێشاوە، رەخنە لە بەریتانیا و سەرجەم وڵاتانی ئەوروپا دەگرێ .
ئۆباما ئەوەش دەخاتە روو، کە هەموو رۆژیک تووشی هەڵە دەبێت، هەرچەند پێی وایە کە ئەم هەڵانە گەورە نین و دەبی خەلکی ئەمریکا عەقڵی خۆیان بە کاربێنن.