نوچە-مهر
فرانسوا ئۆلاند، سەرۆککۆماری فەرەنسا، لە رێورەسمی کردنەوەی گەورەترین توونێلی جیهان لە سویس رایگەیاندووە، کە چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بابەتێکی نەرێنی و جێی مەترسییە.
ئۆلاند خوازیاری مانەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا و هیواداری دەردەبڕێ، کە خەڵکی بەریتانیا لە گشتپرسیەکەدا لە قازانجی یەکێتی ئەوروپا دەنگ بدەن.
سەرۆککۆماری فەرەنسا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە یەکێتی ئەوروپا ئێستا زیاتر لە هەموو کاتێک یەکگرتووترە و نابێ ئەم یەکگرتوویەش بکەوێتە مەترسییەوە.
ئۆلاند یەکێک لە دەرهاویشتەکانی چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بەوە وەسف دەکات، کە ئابووری وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا زەبری لێدەوکەێت.
رۆژی دووشەممەی رابردوو رۆژنامەی گاردیان لە راپۆرتێکدا، ئەنجامەکانی راپرسییەکی خۆی خستە روو کە بەو پێیە ٥٢%ی خەڵکی بەریتانیا لە گەڵ مانەوەی وڵاتەکەیانن لە یەکێتی ئەوروپا.
ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز، لە راپۆرتێکدا ئەنجامەکانی راپرسیەکی بڵاو کردۆتەوە کە رێژەی ئەو کەسانەی کە خوازیاری جیابوونەوەی بەریتانیا زۆرترە.