نوچەنێت
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، ئه‌وان بزوتنه‌وه‌ی فه‌تحوڵا گوله‌ن به رێكخراوێكی تیرۆریستی نازانن، ئه‌وه‌ش به پێچه‌وانه‌ی سه‌رۆك كۆماری توركیا‌و حكومه‌تی ئه‌و وڵاته.
دوای ئه‌وه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كوماری توركیا‌و حكومه‌تی پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدان(ئاكه‌په) جه‌ماعه‌تی فه‌تحوڵا گوله‌ن-یان به تیرۆریست ناوبرد، جۆن كێربی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی رۆژانه‌ی خۆیدا رایگه‌یاند”ئه‌مریكا بزوتنه‌وه‌ی فه‌تحوڵا گوله‌ن به تیرۆریست نازانێت”.
كێربی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، كه پێوسته پرسیاری ئه‌وه له‌حكومه‌تی توركیا بكرێت كه بۆچی ئه‌وان بزوتنه‌وی گوله‌ن، وه‌ك رێكخراوێكی تیرۆریستی ده‌بینن.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه توركیا له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گوله‌ن، هاوكات یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل(یه‌په‌گه) له‌رۆژئاوای كوردستان به‌هه‌مان شێوه وه‌ك گروپی”تیرۆریستی” ناوده‌بات، به‌ڵام ئه‌مریكا له‌وه‌شدا پێچه‌وانه‌ی توركیایه‌و یه‌په‌گه، وه‌ك هاوكارێكی باشی خۆی ناوده‌بات له‌شه‌ڕی دژی داعش.
وته‌بێژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، له‌كۆنگره‌كه‌دا پرسیاری لێكرا له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌لایه‌ن توركیاوه تۆمه‌تبار ده‌كرێت به‌هاوكاریكردنی”دوو رێكخراوی تیرۆریستی(یه‌په‌گه‌و فه‌تحوڵا گوله‌ن)” له‌وه‌ڵامدا كێربی وتی”توركیا ئازاده چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌واندا ده‌كات، به‌ڵام جارێكی‌تر دوباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه، ئێمه ئه‌وان به رێكخراوی تیرۆریست نازانین”.
له‌وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا له‌باره‌ی راده‌ستكردنی گوله‌ن به توركیا، كه ئێستا له ئه‌مریكا ده‌ژی، كێربری بۆچوونی خۆی له‌وباره‌یه‌وه خسته‌ڕوو، گوتی”عاده‌ته‌ن وه‌ڵامی پرسیاری له‌وجۆره ناده‌ینه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر داواشی بكه‌ن راده‌ستی ناكه‌ین”.
پێشتر ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا به‌فه‌رمی بزوتنه‌وه ئاینییه‌كه‌ی فه‌تحوڵا گوله‌نی به”تیرۆریست” ناساند‌و ئه‌ندامه‌كانی به‌هه‌وڵی ئه‌نجامدانی كوده‌تا تۆمه‌تباركرد، به‌پێویستیشی زانی ئه‌ندامه‌كانیان ده‌ستگیربكرێن.
فه‌تحوڵا گوله‌ن، بیرمه‌ندی ئیسلامی كه به‌رابه‌ری بزوتنه‌وه‌یه‌كی ئیسلامی نارێكخراو له‌توركیا داده‌نرێت، ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك هاوپه‌یمانی ئه‌ردۆغان‌و پارتی‌داد‌و گه‌شه‌پێدانی ده‌سه‌ڵاتدار(ئاكه‌په) بووه، چه‌ندین ساڵه له‌ئه‌مریكا نیشته‌جێیه.
سه‌رۆكی توركیا ئه‌وه‌شی رونكردووه‌ته‌وه، كه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی وڵاته‌كه‌ی ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه گروپه‌كه‌ی فه‌تحوڵا گوله‌ن به”تیرۆریست” وه‌سف بكرێت.
محه‌مه‌د فه‌تحوڵا گوله‌ن، بیرمه‌ندێكی ئیسلامی توركییه‌و له 27ی نیسانی 1941 له‌گوندێكی بچوكی سه‌ر به پارێزگای ئه‌رزڕوم، له خانه‌واده‌یه‌كی دیندار له‌دایك بووه.
له‌ئێستادا گوله‌ن له‌ولایه‌تی پنسلڤانیای ئه‌مریكا ژیان به‌سه‌رده‌بات، سه‌رۆكایه‌تی تۆڕێكی زه‌به‌لاحی نافه‌رمی ده‌كات كه له خوێندنگه‌و سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌و كۆمپانیا‌و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن، له‌ناوچه جیاجیاكانی جیهان بوونیان هه‌یه.
لایه‌نگر و شوێنكه‌وتوانی، ته‌نیا له‌ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان نزیكه‌ی 100 خوێندنگه‌ی سه‌ربه‌خۆیان دامه‌زراندووه، له‌پاش دامه‌زراندنی یه‌كه‌م خوێندنگه‌ش له‌شتۆتگارتی ئه‌ڵمانیا له‌ساڵی 1995، بزوتنه‌وه‌كه‌ی له ئه‌وروپادا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌هێز بووه و گه‌شه‌ی كردووه.
له توركیاشدا شوێنكه‌وتوانی بزوتنه‌كه‌ی گوله‌ن، به‌شێوه‌یه‌كی پراكتیكی ده‌وڵه‌تێكیان له‌ناو ده‌وڵه‌تدا دروست كردووه، له‌ناو ده‌زگاكانی پۆلیس‌و دادوه‌ری‌و ده‌زگا كانی دیكه‌ی ده‌وڵه‌تدا به‌شێوه‌یه‌كی به‌هێز بوونی خۆیان به‌رجه‌سته كردووه.