نوچەنێت
نووسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەبارەی برینداربوونی عەبادی-یەوە روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیێنێت “عەبادی سەرپەرشتی شەڕەکانی هێڵی پێشەوەی کردووە و، بەهیچ شێوەیەک بریندارنەبووە”.
لەو روونکردنەوەیەدا، نووسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە، کە باس لە برینداربوونی عەبادی دەکەن لە ناوچەی نعێمییەی پارێزگای ئەنبار.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت لە سەلامەتی عەبادی دەکاتەوە، ئاماژە بەوە دەکات”عەبادی لە ناوچەی نعێمییە بووە، سەرپەرشتی شەڕەکانی هێڵی پێشەوەی کردووە و، بەهیچ شێوەیەک بریندارنەبووە”.
رۆژی چوارشەممە 1-6-2016، حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، هێڵی پێشەوەی رووبەڕبوونەوەی لە ناوچەی نعێمییە لە پارێزگای ئەنبار بەسەرکردەوە و ستایشی هێزە ئەمنییەکان و جەنگاوەرانی کرد، بە قوربانی و ئازایەتیان سەرکەوتنیان بۆ هەموو عێراق بەدەسهێناوە.
عەبادی بەئامێری بێتەل، رێنمایی دایە، هێزە ئەمنییەکانی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی فەللوجە و پێی راگەیاندن “گەل چاوەڕێی سەرکەوتن و شکستپێهێنانی داعش-تان لێدەکات”. هاوکات داوای پاراستی خەڵکی سڤیل و بەردەوامیدان بە سەرکەوتنەکانی کرد، تاوەکو سەرکەوتنی کۆتایی بەسەر تیرۆردا بەدی دەهێنرێت.
هەر ئەمڕۆ عەبادی بە ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمان و ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرسانی خۆجێیی پارێزگای ئەنبار، کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ فەرماندە ئەمنی و سەربازییەکان ئەنجامدا.
لەو کۆبووەوەکەدا، باسی ناوچە تازە کۆنترۆڵکراوەکان کرا، هەروەها هاوکاریکردنی ئاوارەکان و رزگارکردنیان جەختی لەسەرکرایەوە و رێنمایی دایە فەرماندە ئەمنی و سەربازییەکان، پێداوسیتی خەڵکی سڤیل فەراهەم بکەن.