نوچه- ئاژانسه‌كان
پێده‌چێت لێدوانەكانی عادل جەبیری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سعودیه، لەبارەی پاسداران و میلیشا شیعەكان و كارەكانیان لە ناوچەكەدا، سه‌رانی ئێرانی نیگه‌ران كردوه و شڵه‌ژاندونی، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه كه‌وتونه‌ته وەڵامدانەوەی بە توندی.
هێرشی به‌رپرسه ئێرانییه‌كان بۆسه‌ر جوبه‌یر، له‌و كاته‌وه ده‌ستی پێكردوه كه تارانی تۆمه‌تبار كرد به تیرۆر و ده‌ستوه‌ردان له كاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دراوسێی و پشتیوانی كردنی میلیشیا شیعه توندڕه‌وه‌كان، له عێراق و سوریا و لوبنان و به‌شداری كردنی سوپای پاسداران له هه‌موو ململانێكانی ناوچه‌كه.
دوا هێرشیشییان بۆسه‌ر جوبه‌یر، ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن موحسین ره‌زایی ئه‌مینداری ئه‌نجومه‌نی دیاریكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێرانه‌وه بوو كه جوبه‌یری به ” روداوی سه‌رده‌م” وه‌سف كرد، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ كه‌می شاره‌زایی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی جوبه‌یر زیاتر له 10 ساڵه كاری دیبلۆماسی ده‌كات تا بوه‌ته باڵیۆزی وڵاته‌كه‌ی له ئه‌مریكا و زیاتر له چوار زمان ده‌زانێت.
رەزایی كە فه‌رمانده‌ی پێشووی سوپای پاسدارانە دەڵێت ” پێویسته جوبه‌یر چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك بێت بۆ ئێران، بۆئه‌وه‌ی فێری كاری سیاسیی و دیبلۆماسی بكه‌ین”.
دوا لێدوانی ره‌زایی ئه‌وه ئاشكرا ده‌كات، كه تاران توشی شۆك بوه له به‌رامبه‌ر چالاكییه دیبلۆماسییه چڕ‌و پڕه‌كانی جوبه‌یر له دژی ئێران، كه بوه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی چه‌ندین وڵات په‌یوه‌ندییه دیبلۆماسییه‌كانییان له‌گه‌ڵ ئێران بپچڕێنن و ئاستی نوێنه‌رایه‌تی دبلۆماسی ئێرانی كه‌مكردوه‌ته‌وه، ئه‌مه جگه له لێدوانه به‌هێزه ئابڕوبه‌ره‌كانی ده‌رباره‌ی تیرۆری ده‌وڵه‌تی مه‌لاكان.