نوچەنێت
ئەمڕۆ دووشەممە 30-5-2016، زنجیرەیەک تەقینەوە شاری بەغدای پایتەختی عێراقیان هەژاند. خوێناویترینیان تەقینەوەکەی ناوچەی شەعبی باکوری بەغدا بوو کاتێک خۆکوژێک، بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە خۆی بە خاڵێکی پشکنینیدا تەقاندەوە و 11 کەس کوژران و 14ی دیکەش برینداربوون. هەشت کوژراوەکان سڤیل و سێ پۆلیس بوونە قوربانی.
هەر لە بەغدا لە مەدینە سەدری، مۆتۆڕسکیلێکی بۆمبڕێژکراو لە بازاڕێکدا تەقییەوە و بەهۆیەوە سێ کەس کوژران و 10ی دیکەش برینداربوون، ئاماری هەردوو تەقینەوەکەش پۆلیسی بەغدا پشتڕاستیکردووەتەوە.
هەروەها لە شارۆچکەی تەرمییە لە باکووری بەغدا، ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژکراو لە بازاڕێکی قەرەباڵخی شارۆچکەکە تەقییەوە و بەهۆیەوە 10 کەس کوژران و 22 دیکەیش برینداربوون.
تەقینەوەكان لەکاتێکدایە هێزە عێراقییەکان، بەردەوامن لە پێشڕەوی بەرەو نێو فەللوجە، داعشیش دەیەوێت بە تێکدانی رەوشی بەغدا ئاستەنگ بۆ ئۆپەراسیۆنەکان دروستبکات.

