نوچەنێت
ئێران بە فەرمی رایگەیاند، ئەمساڵ هیچ ئێرانییەک بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج نانێردرێتە سعودیە و بەرپرسیاریەتیی ئەو هەڵوێستەشی خستە ئەستۆی “گێرەشوێنیی سعودییەکان”.
رۆژی رابردوو خولی دووەمی دانوستانی ئێران و سعودیە، لەسەر پرسی حەجی ئەمساڵ (2016)، بەبێ ئەنجام کۆتایی هات. سەعید ئەوحەدی، سەرۆکی دامەزراوەی حەج و زیارەتی ئێران رایگەیاندبوو دانوستانەکان بەهۆی دەستتێوەردانی وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە کاروباری حەجدا بێئەنجام بوونە.
دامەزراوەی حەج و زیارەتی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ یەکشەممە 29-5-2016 وێڕای راگەیاندنی ئەم هەواڵە گوتی” بەسەرنجدان لە رووداوە تاڵەکانی حەجی ساڵی رابردوو ئێران داوای کردووە ئاسایش و رێز و کەرامەتی حاجییە ئێرانییەکان لە حەجی ئەمساڵدا دابین بکرێت، بەڵام بەهۆی ناهەماهەنگی لە ئاستە باڵاکانی سعودیە و کاریگەریی روانینی سیاسیی ئەو وڵاتە بۆ پرسی حەج، وەڵامی ئەرێنی داواکانمان نەدرایەوە”.
وەزارەتی حەجی سعودیە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، ئەو وڵاتە رازیبووە بە مەرجەکانی ئێران وەک دابەشکردنی گواستنەوەی حاجییەکان بەسەر فڕۆکەوانییەکانی ئێران و سعودیە، پێدانی ڤیزەی ئەلیکترۆنی بە زیارەتکارانی ئێرانی و دیاریکردنی باڵیۆزخانەی سویسرا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران و هاوئاهەنگییەکان لە پرسی حەجدا. کەچی شاندە ئێرانییەکە بەبێ واژۆکردنی رێککەوتننامەی کۆتایی سعودیەیان جێهێشتووە.
ئێران و سعودیە مێژوویەکی کۆنی ناکۆکیان لەنێواندایە. لەمساڵانەی دواییدا ئەو دوو وڵاتە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان لەرووی سیاسیی و ئایینییەوە لە سووریا و یەمەن لە دوو بەرەی جیاوازدا لە بەرامبەر یەکدا سەنگەریان گرتووە، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لەو حاجییانەی لە رووداوەکانی مەکە لە رێوڕەسمی حەجی ساڵی رابردوودا بوونە قوربانی، ئێرانی بوون، ئێران سعودیە بە نەشیاوبوون لە بەڕێوەبردنی حەج و پاراستنی گیانی حاجییان تۆمەتبار دەکات،
بەڵام ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە پاش سووتاندنی کۆنسوڵخانە و باڵیۆزخانەی سعودیە لە ئێران، پاش لەسێدارەدانی شێخ باقر نەمر، زانای شیعە لە سعودیە، گەیشتە لوتکە و پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوان دوو وڵاتەکەش پاش ئەو رووداوە بە تەواوی پچڕا.