نوچە-دەنگی ئەمریکا
سیاسیەکانی سوننەی عێراق، دیداروچاوپیکەوتنەکانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی لە گەڵ میلیشێاکانی شیعە کە شان بە شانی هێزەکانی سوپای عێراق چوونەتە بەرەکانی شەڕی فەلوجەوە، مەحکوم دەکەن.
لە رۆژانی رابردوودا میدیاکانی ئێران وێنەکانی سەردانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسیان لە فەلوجە و دیداری لە گەڵ سەرکردەکانی حەشدی شەعبی بڵاو کردەوە.
بە گوێرەی رۆیتەرز، سێ کەسایەتی یاسادانەری سوننە لە پارێزگای ئەنبار پێیان وایە، کە هاتنی فەرماندەی سوپای قودس پەرە بە ناکۆکی و ململانێی تاییفی دەدات و بە پێچەوانەی ئەو ئیدیعایەی دەوڵەتی عێراقە کە دەڵێت، ئەم ئۆپەراسیۆنانە هەوڵێکە بۆ شکستی داعش و نابێ وەک پاکانە حساب لە گەڵ سوننەکان لێکبدرێتەوە.
ئەمە دووەم جارە کە قاسم سولەیمانی لە ناوچە جەنگییەکان ئاشکرا دەبێت.ساڵێک لەمەوبەر سولەیمانی لە میانەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی، لە شارەکانی باکوری بەغداد خۆی ئاشکرا کرد.
وتەبێژێکی دەوڵەتی عێراق دیداری قاسم سولەیمانی رەت دەکاتەوە، جەخت لەوەش دەکاتەوە کە راوێژکارانی ئێرانی تەنها بۆ یارمەتیکردنی هێزەکانی عێراق لە شەری دژی داعش هاتوونەتە ئەم وڵاتە، هەر وەک چۆن راویژکارانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش ئەم کاروبارانە رادەپەڕێنن.
سەرباری ئەمە، حامد موتڵەق، پەرلەمانتاری سوننەی عیراقی ئەم بۆچوونە رەتدەکاتەوە ودەڵێت: ئێمە عێراقین نەک ئێرانی،ئایا بە هەمان شێوە لە راوێژکارانی تورکیا و سعودیە پێشوازی دەکرێت؟
یاسادانەرێکی دیکەی سوننە سەبارەت بە هاتنی فەرماندەی سوپای قودس بۆ عێراق دەڵێت: هاتنی قاسم سولەیمانی جێی گومان و مایەی نیگەرانییە.بە باوەڕی من هاتنی سولەیمانی دەتوانێ پەرە بە ئاڵۆزی و ناکۆکیە فیرقەییەکانی عێراق بدات.