نوچەنێت-ئیسنا
ئەمریکا دەڵێت هەیبوتوڵڵا ئاخوندزادە، سەرکردەی نوێی تاڵیبان لە لیستی تیرۆری ئەم وڵاتەدا نییە.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵنێری فەڕەنسا، مارک تونەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە وەڵامی پرسیارێک دەربارەی سەرۆکی نوێی تاڵیبان دەڵێت، ناوبراو لە لیستی تیرۆری ئەمریکادا نییە.
تونەر هیواداری دەردەبرێت، کە سەرکردەی نوێی تاڵیبان لە دەرفەت کەڵک وەربگرێ و بژاردەی وتوێژەکانی ئاشتیی بخاتە ئەولەوییەتەوە و بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیخوازانە بێتە سەر مێزی دانوستان.
باراک ئۆباما، پێشتر رایگەیاندبوو کە مەلامەنسور، سەرکردەی پێشووی تاڵیبان بەو هۆیەوە کوژرا، کە هەرجۆرە هاوکارییەکی بۆ کۆتایی هێنان بۆ شەڕ و پێکدادانەکان رەتکردبووەوە.
ئاخوندزادە، یەکێک لە هاوپەیمانانی سەرەکی مەڵا مەنسور و هاوکات جێگری ناوبراو بووە، کە لە ئێستادا وەک سەرکردەی نوێی تاڵیبان هەڵبژێردراوە.