نوچەنێت
5 رۆژە ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی فەللوجە دەستیپێکردووە و بەهۆیەوە هەزاران کەس لە خەڵکی شارەکە ئاوارەبوون و، خۆیان لەدەستی داعش لەنێو شارەکە رزگارکردووە
تەنیا رۆژی پێنجشەممە 518 کەس لە خەڵکی فەللوجە خۆیان گەیاندە ناوچە ئارامەکان و، لەلایەن سوپای عێراقییەوە پێشوازیان لێکراوە.
بەپێی زانیارییەکان، بەشی زۆری ئەو خەڵکەی خۆیان رزگارکردووە، ژن و منداڵن و لەترسی هێرشەکان و دوای کۆنترۆڵکردنەوەی چەند ناوچەیەکی دەورووبەری فەللوجە، توانیویانە خۆیان رزگار بکەن.
سەجاد تارق، ئەفسەر لە سوپای عێراقی رایگەیاند:”ئێمە پێشوازی لە ئاوارەکان دەکەین، ئەوان لە ناوچەی جیاوازەوە رادەکەن و ئێمەش بەرەو ناوچە ئارامەکانیان دەبەین، لەوێ کۆمیتەیەک هەیە کە لەناسنامەی خەڵکەکە دەپرسێت ئەمەش بۆ دڵنیابوون لە دزەنەکردنی چەکداران بۆ نێو خەڵک”.
وتیشی:” ژمارەی ئاوارەکان هەرزیاد دەبێت، بەڵام ئەمڕۆ 518 ئاوارە بە 43 ئۆتۆمبێل رەوانەی ناوچە ئارامەکان دەکەین، لەشەویشدا پێشوازی لە راکردووەکان دەکەین”.
خەڵکی فەللوجە کە دوو ساڵە بەهۆی داعش لە رەوشێکی خراپدان، داوا و داخوازیان هەیە، ئەوان لەگەڵ ئەوەی داواکارن ناوچەکانیان کۆنترۆڵ بکرێتەوە، دەڵێن”ئارامی و سەقامگیری داوای سەرەکی ئێمەیە”.
یەکێک لە دانیشتووانی فەللوجە رایگەیاند “گیرمان خواردبوو لەنێو شارەکە و دواتر رامانکرد، هێزەکان گەمارۆی سەر فەللوجەیان شکاند”.
هەرچەندە هێشتا فەللوجە تەواو کۆنترۆڵنەکراوەتەوە و مشتومڕ و ناکۆکی تائیفی روو لەزیادبوونە، بەڵام ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی فەللوجە کە ببووە هەڕەشە لەسەر بەغدا، بەگرنگترین ئۆپەراسیۆنی هێزە عێراقییەکان لە6 مانگی رابردوو دادەنرێت.