خانم رەحیم: چیتر ژنان شەرەف و ناموسی پیاوان نیین

0

نوچەنێت: تایبەت

ناوزڕاندن و بەکارهێنانی ناوی ژنان بۆ تەڵەی سیاسی، تا راددەیەک بۆتە کاری کەسانێک کە دەیانەوێت زەربەی سیاسی لەلایەنی بەرامبەر بدەن. بەبێ گوێدان بەوەی کە ئەمە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی دروست دەکات و ژن دەکات بە قوربانی. لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا ئەوە هەیە، بەڵام بەپێی رەوش و دابونەریتی کۆمەڵگە. کاریگەرییەکەی گۆڕانکاری بەسەردادێت.

لە کوردستان، ناوە ناوە ئەم حاڵەتە دەبینرێت، چیبکرێت بۆ ئەوەی بەر بەم حاڵەتە بگیرێت؟ ئەم هەوڵە کاری کێیە؟ ئایا ئەوە نابێتە هۆی بڵاوبوونەوەی بێمتمانەیی لە کۆمەڵگەو زیاتر داخرانی؟ بۆ ئەم مەبەستە گفتوگۆمان لەگەڵ چالاکوانی بواری ژنان و بەڕێوەبەری رێکخراوی ئاسودە، خانم رەحیم کردووە.

نوچەنێت: تائێستاش لەهەندێك ململانێیەتی سیاسیدا بۆ ناشیرینكردنی بەرامبەر پەنا بۆ بەكارهێنانی ناوزڕاندنی ژن دەبردرێ، بەرای ئێوە هۆكاری ئەوە چییە؟

خانم رەحیم: سیاسەت لەهەر وڵاتێكدا رەنگدانەوەی ئاستی هۆشیاری كۆمەڵگەیە و دابڕاو نییە، لەكاریگەری ئاین، دابونەریت و هوشیاری خەڵكەكەی، بۆیە بەپێچەوانەوە لەهەندێك وڵاتدا ئەم دیاردەیە نییە، بەڵام ئەمەش مانای وانییە كە دنیایی سیاسەت چیتر دنیایەكە تەواو یەكسانكراوە بۆ ژن و پیاو، تەنانەت لە باشترین حاڵەتیشدا لەوڵاتانی پێشكەوتوو دیسان بەزەقی ئەوە دەبینیت، زۆرترین سەركردەكان و هەڵسوڕاوە دیارەكانی دنیای سیاسەت هەر پیاوانن، بەڵام قسەی ئێمەی ژن لەئێستادا دەبێت بەو ئاراستەیەبێت كە چیتر ژنان شەرەف و ناموسی پیاوان نیین و ئەوانیش هەمان ماف و ئەركیان هەیە لە ژیاندا، ئێمە گەر توانیمان ئەو قەناعەتە بسەپێنین وبسەلمێنین. ئەوا بەشێكی زۆری كێشەكانمان چارەسەر كردوە، دیارە بۆیە ئەڵێم بیسەپێنین، چونكە لام وانییە ئەم پرسە بەبێ‌ شۆڕش و تێكۆشانی ژنان خۆیان بەئاسانی تێدەپەڕێت، نمونەی زیندوش بەشداری ژنانی شەڕڤانە كە توانیویانە بەتەواوەتی خۆیان لەناو هاوكێشە سیاسییەكاندا بسەلمێنن.

نوچەنێت:  دروستكردنی تۆمەتی ئەخلاقی تاچەندە كایگەری ئەوەی دەبێت لەسەر بەشدارنەبوونی ژنان لە سیاسەت و سڵ کردنەوە لە کاری سیاسی؟

خانم رەحیم: بەخشینەوەی تۆمەتی ئەخلاقی و پەلاماردانی ژنان لەم وڵاتانە، وایكردوە بەشێكی زۆر لەژنان سڵ لەوە بكەنەوە، کە بكەونە بەرچاو بەشداری كارایان هەبێت لەپرسە گەرمەكانی كۆمەڵگە، لەدەورو پشتی خۆم چەندین ژن شك دەبەم كە تامەزرۆی ئەوەن كەسانێكی كاراو دیار بن، بەڵام سڵ لەوە دەكەنەوە بكرێنە نیشانەو پەلاماربدرێن، گرفتی گەورەش ئەوەیە لێرە یاساش ناتوانێت بیانپارێزێت لەو هێرشانە بۆیە سڵ كردنەوە و ترسان لە بەشداریكردن، نەك هەر لەبواری سیاسی تەنانەت لەبواری هونەر، وەرزشەوانی و میدیایش تارادەیەك بەرچاوە.

نوچەنێت: ئایا بەهۆشیاركردنەوەی ژنان دەتوانرێت بەر بەوكارانە بگیرێت؟

خانم رەحیم: هوشیاركردنەوەی ژنان بەشێك لەكێشەكان چارەسەر دەكات، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا پێویستمان بەپەروەردە یەكە كاریگەری هەبێت لەسەر دروستكردنی كەسایەتی ژن، بەشێوەیەك هوشیاری و پەروەردە بەئاراستەی دروستكردنی كەسایەتی نەترس و بوێربێت، چونكە سەرباری ئەو دیاردەیەش كە باوە بەڵام لەپاڵ ئەوەدا ئێمە دنیایەك ژنی بوێرمان لە دنیای سیاسەت و بوارەكانی تردا هەیە، کە كاردەكەن و تارادەیەكی زۆر سەركەوتون. رەنگە ئێمە پێویستمان بەپیاچوونەوەی سیستەمی پەروەردە هەبێت، رەنگە پێویستمان بەوەبێت، هانی پیاوە ئاینییەكان، كەسایەتییە ناسراوەكان بدەین، لەو رووەوە رۆڵ ببینن و هانی بەشداریكردنی رەگەزی مێینە بدەن، تا بەشێك لە دڵەڕاوكی و سڵكردنەوەكانیان كەمبێتەوە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی پێویستمان بەدروستكردنی فرسەتی گونجاویشە لەناو پارت و رێكخراوەكان تابەشداریكردنی ژن لە شكڵییەوە بگۆرن بۆ بەشداریكردنێكی جدی و پێویست.

نوچەنێت: بەرای ئێوە چیبكرێـت تاچارەسەری ئەو گرفتانە بكرێت، یان رێكخراوەكانی ژنان دەتوانن لەو رووە رۆڵی گرنگیان هەبێت؟

خانم رەحیم: لەو بارەوە رێكخراوەكانی ژنان رۆڵیان هەبووەو دەشتوانن رۆڵی زیاتریان هەبێت، بەڵام لەبیرمان نەچێت هەندێجار رێكخراوەكانی ژنانیش خۆیان كراونەتە ئامانجی هێرش و پەلامارو كەسایەتی ناو رێكخراوەكان گرفت و كێشەیان بۆ دروستكراوە، دیارە ئەركی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانیشە هاوكاری زیاتری رێكخراوەكان بكەن، تابتوانرێت بەهەموو لایەك ئەو گوشارانە لاببرێت، یان كەمبكرێتەوە كە خراوەتە سەرشانی ژنان، بۆ ئەوەی رێگری بكەن لەبەشداری كردنی راستەوخۆ و كارا لەپرسە گەرمەكانی كۆمەڵگە، جا ئەمەش لەرێگەی سیاسەتەوە بێـت یان بواری مەدەنییەكانی تر.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com