نوچەنێت
ھێزەکانی سووریای دیموکرات، بەسەرکردایەتی یەکینەی پاراستنی گەل YPG لەسەر زەوی و بە پاڵپشتی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە ئاسمان، ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی “باكووری رەققە”ی پایتەختی داعشیان دەستپێكرد.
بەپێی راگەیێندراوێكی هێزەكانی سووریای دیموكرات، رۆژی سێشەممە 24-5-2016 ئۆپەراسیۆنەكە لە باكووری عەین عیساوە دەستیپێكردووە و بەرەو رەققە لەپێشڕەویدان، سەرەتاش گوندەكانی فاتسێ، هیشی بچووک و هیشی گهوره لە چەكدارانی داعش پاكدەكرێنەوە.
رووبەری شاری رەققە 640 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، ساڵی 2011 ژمارەی دانیشتووانی 220 ھەزار کەس بووە، بەڵام لە ساڵی 2016 ژمارەی دانیشتووانی بۆ 120 ھەزار کەس کەمبووەتەوە، ناوەندە ھەواڵییەکانی سووریا دەڵێن، ژمارەی راستەقینەی دانیشتووانەکەی پێش کۆنترۆڵکردنی لەلایەن داعش 650 ھەزار کەس بووە.
شاری رەققە بەدووری 160 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژھەڵاتی پارێزگای حەلەب، لە رۆژی 5-3-2016 یەکەم جیابوونەوە لە ریزەکانی داعش لە رەققە روویدا، کاتێک 200 چەکدار ئاڵای سووریایان لەو ناوچانە بەرزکردەوە كە لەژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا بوون.
داعش لە رۆژی 29-6-2014 بەفەرمی خەلافەتی ئیسلامی لە رەققە راگەیاند، لە رۆژی 23-9-2014 ھێزەکانی ھاوپەیمان یەکەم ھێرشی ئاسمانیان بۆ سەر رەققە دەستپێکرد و لە یەک رۆژدا 17 ھێرشیان ئەنجامدان.
هێرشەكە لە سێ میحوەرە بە بەشداری 25 ھەزار چەکداری ھێزەکانی سووریای دیموکرات و بە پاڵپشتی ھێزی ئاسمانی ھاوپەیمانان دەستپێبكات. بەپێی سەرچاوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووری لەنێو شاری رەققە، داعش لە ترسی ھێرش، دەستی بە چاندنی بۆمب و مین كردووە لە چواردەروەی شارەکە، ئەمەش وایکردووە راکردن و رۆیشتنی خەڵکی سڤیڵ سەخت بێت.
هێزەكانی سووریای دیموكرات بەو هێزانە دەگوترێ، كە هەماهەنگییان لەگەڵ هاوپەیمانان هەیە و پتر بە عەلمانی ناسراون، یەكینەكانی پاراستنی گەل كە هێزێكی كوردییە و بە (یەپەگە) ناسراوە، سەركردایەتی ئەو هێزانە دەكات كە هێزی ئاسایشی سریانەكان (سوتورۆ) و سەنادیدی سوننە عەرەبەكان و گرووپی عەشیرەتەكان لەخۆدەگرێت. ئەم هێزانە لەلایەن ئەنجوومەنێكی سەربازیی 6 كەسی سەركردایەتی دەكرێن و لە 50 هەزار چەكدار پێكدێن.