نوچەنێت-شفقنا
بەرپرسانی ئەمریکا و ڤیێتنام رێککەوتننامەیەکیان واژۆ کردووە کە بەو پێیە سوپای ئاشتیی ئەمریکا بۆ یەکەمجار رێگەی پێدەدرێ لە ڤیێتنام کاروبار و چالاکییەکانی خۆی دەستپێبکات.
بە گوێرەی بەشی عەرەبی رۆیتەرز، لە میانەی سەردانی مێژوویی و سێ رۆژەی باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڤیێتنام، وتوێژەکانی 10 ساڵی رابردووی نێوان ئەم دوو وڵاتە بۆ دەستپێکی چالاکییەکانی هێزەکانی سوپای ئاشتی ئەمریکا لە ڤیێتنام، گەیشتۆتە ئەنجامی کۆتایی و لەم بارەیەوە رێککەوتنێک لە نێوان بەرپرسانی دوو وڵات واژۆکرا.
بە گوێرەی ئەم راپۆرتەی رۆیتەرز، کێری هێسلر رادڵت، بەڕێوەبەری سوپای ئاشتی ئەمریکا و فام کوانگ فنە، باڵوێزی ڤیێتنام لە واشنتۆن، ئەم رێککەوتنەیان واژۆ کردووە. بە گوێرەی رێککەوتنەکە، چالاکییەکانی سوپای ئاشتی ئەمریکا تا دوو ساڵی دیکە دەستپێدەکات و رێگەی بە خوازیارانی دەدرێ کە لە خوێندنگاکانی هانۆی پایتەختی ڤیێتنام و هوشی مین، گەورەترین شاری ئەم وڵاتە زمانی ئینگلیزی بگوترێتەوە.
جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کە ساڵی 1968 وەک ئەفەسەری هێزی دەریایی ئەمریکا بەشداری شەڕی ڤیێتنامی کردبوو و لە رێوڕەسمی واژۆکردنی ریککەوتننامەکە ئامادە بووە، جەختی لەوە کردۆتەوە کە دەستپێکی چالاکییەکانی سوپای ئاشتیی و وتنەوەی زمانی ئینگلیزی لە لایەن گەنجەکانی ئەمریکاوە لە هانۆی و هوشی مین دەتوانێ هەنگاوی دوایی بێت لە پتەوکردنی پەیوەندیەکانی نێوان دوو وڵات.
جێی ئاماژەیە سوپای ئاشتیی، رێکخراوێکی حکومییە، پێکهاتوو لە گەنجانی خوازیاری ئەمریکا، کە ساڵی 1961 لە لایەن جان ئێف کێنیدی،سەرۆککۆماری ئەو کاتی ئەمریکا بۆ یارمەتیکردنی وڵاتانی جیهانی سێهەم پێکهات.