نوچه‌نێت-عه‌ره‌بی جه‌دید
ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ئیستای عێراق سه‌رگه‌رمی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی دۆسییه‌ی ئه‌و عه‌ره‌به سوننانه‌یه كه له سه‌رده‌می حوكمی 8 ساڵه‌ی مالیكی ده‌ستگیركراون و بێ دادگاییكردن له زیندان ماونه‌ته‌وه.
وته‌بێژی فه‌رمی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری عێراق، عه‌بدولستار به‌یره‌قدار، له راگه‌یه‌نراوێكی رۆژنامه‌نوسیدا وتی ته‌نیا مانگی رابردوو 9250 كه‌س ئازادكراون، چونكه نه‌توانرا ئه‌و تاوانه‌یان به‌سه‌ردا ساغ بكرێته‌وه كه به‌هۆیه‌وه ده‌ستگیركرابوون. به وته‌ی به‌یره‌قدار 8198 كه‌س له ده‌ستگیركراوه‌كان هه‌ر له‌كاتی لێپێچینه‌وه و پێش ئه‌وه‌ی كه‌یسه‌كان بگاته دادگا ئازادكراون چونكه بێ‌تاوان ده‌رچوون، هه‌روه‌ه 1052 كه‌سیش دوای دادگایی ده‌ركه‌وتووه بێ‌تاوانن و ئازادكراون.
له لایه‌كی تره‌وه رێكخراوی ریساله كه گرنگی به كه‌یسه‌كانی مافی مرۆڤ ده‌دات له عێراق ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕێ له دواكه‌وتنی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كه‌یسه‌كانی ئه‌و كه‌سه ده‌ستگیركراوانه.
نافع راوی سه‌رۆكی رێكخراوه‌كه ده‌ڵێت “رێكخراوه‌كه‌مان به‌دواداچوون بۆ پرۆسه‌ی ئازادكردنی ده‌ستگیركراوه‌كان ده‌كات، كه به‌مدواییانه حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكی حكومه‌ت، بڕیاری یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌كانی دابوون”.
له درێژه‌ی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا، رێكخراوه‌كه ده‌ڵێت “تا ئێستاش هه‌زاران ده‌ستگیر كراوی سه‌رده‌می مالیكی له زیندانه‌كاندان، ئه‌و زیندانانه‌ی جۆره‌ها سوكایه‌تییان ده‌رهه‌ق به مافی مرۆڤ تێدا ئه‌نجامدراوه، له‌وانه ده‌ستگیكردنی خه‌ڵكی له‌سه‌ر شوناسی تایبه‌تییان”. هه‌روه‌ك داوایشی كردووه ده‌ستگیركراوه‌كان قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه له‌پای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ی تێیدا مافه‌كانیان پێشێلكراوه.