نوچەنێت-فارس
سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوی تورکیا لە کۆنگرەی پارتەکەی و لە میانەی دوایین وتاریدا رایگەیاندووە کە یەکڕیزی پارتەکەی لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە و سەرکردەکانی پارتی داد وگەشەپێدان نابێ مەستی دەسەڵات بن و خەڵک لە بیربکەن.
ئەحمەد داود ئۆغڵو، ئەمڕۆ یەکشەممە 22-5-2016، بە ئامادەبوونی لە کۆنگرەی پارتی دادوگەشەپێدان کە بە هەزاران کەس لە ئەندامانی ئەم پارتە تیایدا بەشدار بوون، دوایین وتاری خۆی پێشکەشکرد.
ئۆغڵو، لە وتارەکەیدا هیوای خواست، کە ئەم کۆنگرەیە ببێتە مایەی خێروبەرەکەت بۆ پارتی داد و گەشەپێدان بۆ هەموو تورکیا.
ئۆغڵو، جەختی لەوە کردۆتەوە، کە ئەم کۆنگرەیە نە تەنیا بە کۆنگرەی ماڵئاوایی نازانێ، بەڵکوو کۆنگرەی وەفاداری و ئەمەگناسییە بەرامبەر بە پارتی داد و گەشەپێدان. ئۆغڵو دەڵێت: هەموو هەوڵەکانم بە ئاراستەی یەکگرتوویی پارتەکەم بووە، نەتەنیا شانازی بە پەیوەندی و دۆستایەتی لە گەل رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەم، بەلکوو لە پەیوەندیەکانم لە گەڵ شەخسی سەرۆککۆمار بەردەوام دەبم.
ئۆغڵو، بە بێ ئەوەی ئاماژەیەک بە جیاوازی بۆچوونەکانی لە گەل ئەردۆغان بدات گوتی: ئێمە دەست لە پۆستەکانمان دەکشێنینەوە بەڵام فکریەت و هەڵوێستی خۆمان دەپارێزین. هەروەها دەڵێت: داوای لێبوردن لە هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە بەرانبەریان هەڵەیەکم ئەنجامداوە.
سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوی تورکیا لە کۆتایی وتارەکەی ئاماژە بەوە دەدات، کە بە سەربەرزی واز لە پۆستەکەی دێنێت و جەخت لەوە دەکاتەوە، کە یەکڕیزی و یەکگرتوویی پارتی داد وگەشپێدان و بەهێزبوونی لە هەموو بابەتێک گرنگترە.