نوچە-شفقنا
کەناڵی ئەلعەرەبیە چەند خولەک پێش ئێستا رایگەیاندووە، کە یەکێک لە سەرکردە ناسراوەکانی تاڵیبانی ئەفغانستان کوژرانی مەلا ئەختەر مەنسور، سەرکردەی ئەم گروپەی بە هۆی هێرشی ئاسمانی سوپای ئەمریکاوە پشتڕاست کردۆتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر رۆیتەرز، لە زاری عەبدوڵا عەبدوڵا، سەرۆکی جێبەجێکاری ئەفغانستان رایگەیاندبوو، کە بەئەگەری زۆر مەلا ئەختەر مەنسور بە هۆی هێرشی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکاوە کوژراوە.
جێی ئاماژەیە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، مەلا ئەختەر محەمەد مەنسوور، سەرکردەی تاڵیبانی ئەفغانستان لە لایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سوپای ئەمریکاوە کراوەتە ئامانج. بەرپرسانی ئەمریکی بە ئاژانسەکانی هەواڵیان راگەیاندووە، کە ئەگەری هەیە ناوبراو لەم هیرشە ئاسمانیەدا کوژرابێت
بە گوتەی پێنتاگۆن، باراک ئۆمابای سەرۆکی ئەمریکا راستەوخۆ فەرمانی ئەم هێرشەی دەرکردووە.
هەر لەم پەیوەندیەدا کەناڵی ئەلجەزیرە لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، کە وتەبێژی تاڵیبانی ئەفغانستان هەواڵی کوژرانی سەرکردەی ئەم گروپەی رەدتکردۆتەوە.