نوچەنێت
عامر مورشدی ئەمینداری گشتی گردبوونەوەی نوێی عێراق رایگەیاند، تا مەسعود بارزانی لە هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی بەدەست بێت، ئەوە كۆششەكانی سەرانی عێراق بۆ رازیكردنی كورد و مانەوەیان لەناو سنووری عێراقدا بێ سوودە. بۆیە وا باشترە ببینە دراوسێیەكی باشی دەوڵەتی كوردستان.
نووسینگەی راگەیاندنی گردبوونەوەی نوێی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، كە مورشدی گوتوویەتی كورد لە بەغدا ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و وەزیران و بەرزترین پۆستیان هەیە، وێڕای بودجەی نەگۆڕیان لە دارایی عێراق و ڕێگە نەدانیان بە دامەزراندنی پۆلیسێك، یان فەرمانبەرێك لە كوردستان، كەچی سەرانی كورد هەموو رۆژێك هەر باسی جیابوونەوە دەكەن.
هاوكات دەڵێت، ئەگەر كورد نیوەی رووپێوی عێراقیان هەبووایە، ئەوە دەوڵەتی خۆیان رادەگەیاند، جا بۆیە بڕیاری سەرانی كوردستان و گەلەكەیان دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی بێت، با وابێت، با ئێمەش دراوسێی باش بین، وەك بارزانی پێش چەند رۆژێك گوتی.
مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، رۆژی 16ی ئەم مانگە بە بۆنەی تێپەڕبوونی 100 ساڵ بەسەر رێككەوتنی سایكس پیكۆ، داوای دیالۆگی جیدی نێوان هەولێر و بەغدای كرد و گوتی ئەگەر هاوپشكی سوودی نەبوو، با برا و دراوسێی باشی یەكتری بین.