نوچه‌نێت- ده‌نگی عێراق
په‌رله‌مانتارێكی هاوپه‌یمانی كوردستانی ده‌ڵێت، هه‌ست ناكه‌ین هاوبه‌شیی ڕاسته‌قینه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق بوونی هه‌بێت.
بێریوان خه‌یلانی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند” داواكارییه‌كان بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ ده‌سكه‌وتی سیاسی نین، به‌ڵكو بۆ به‌ده‌ستھێنانی هاوبه‌شیی راسته‌قینه‌یه له عێراق، ئێمه هاوبه‌شییمان ده‌وێت به‌ڵام هه‌ستی پێناكه‌ین، چونكه هه‌موو ئه‌و دۆسیانه‌ی له دوو حكومه‌تی پێشوو و حكومه‌تی ئێستاشدا بوونیان هه‌یه و ده‌نگمان پێداندا له‌كاتی پێكهێنانی حكومه‌ت ،له ساڵی 2014 هێچییان جێبه‌جێ نه‌كران”.
هه‌روه‌ها ودەڵێت ” ئه‌و دۆسییانه ده‌سكه‌وتی یاسایی و ده‌ستوورین، پێویسته له لیستی كاره‌كانی حكومه‌تی ئێستادا بوونییان هه‌بێت، ئێمه هەوڵی به‌ده‌ستهێنانی ده‌سكه‌وت یان قۆستنه‌وه‌ی هه‌له‌كه ناده‌ین، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت دووباره ئه‌و دۆسییانه كارا بكرێنه‌وه”.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه ” ده‌بێت ئامانج هه‌بێت له بوونی كورد له‌ناو په‌رله‌مان و له حكومه‌تی به‌غدادا، ئامانجی ئێمه‌ش هابه‌شیی راسته‌قینه‌یه، ئه‌و هاوبه‌شییه‌ش نایه‌ته‌دی به بوونی ئه‌و هه‌موو دۆسییه و مافه ڕه‌وایانه‌ی كورد كه له‌سه‌ر ره‌فه‌كان به‌جێهێڵراون و وازیان لێهێنراوه” .
مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، دوشه‌ممه‌ی رابردوو به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی سه‌د ساڵ به‌سه‌ر رێكه‌وتننامه‌ی سایكس پیكۆ گوتی ” رێكه‌وتننامه‌ی سایكس بیكۆ كۆتایی هاتوه، ئێمه خۆمان بڕیار له چاره‌نووسی خۆمان ده‌ده‌ین، یان وه‌ك هاوبه‌شیی ڕاسته‌قینه‌ی عێراق ده‌مێنینه‌وه، یان ده‌بینه دوو دراوسێی باش”.
دانیشتن و كاره‌كانی په‌رله‌مانی عێراق له 30 نیسانه‌وه وه‌ستاون، به‌هۆی قه‌یرانی په‌رله‌مانتاره مانگرتوه‌كان و هاتنه ناوه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران بۆ ناوچه‌ی سه‌وز و په‌رله‌مان و ده‌ستدرێژی كردنه سه‌ر په‌رله‌مانتاران، به‌و هۆیه‌وه فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان له ناویاندا فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان بڕیاری بایكۆت كردنی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانییاندا.