نوچه‌نێت- ئاژانسی ئه‌نادۆڵ
وته‌بێژی پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی ده‌سه‌ڵاتدار له توركیا رایگه‌یاند، لیژنه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ناوه‌ندی پارته‌كه بڕیاریداوه بن عه‌لی یڵدرمی وه‌زیری گواستنه‌وه و گه‌یاندن و گواستنه‌وه‌ی ده‌ریایی، وه‌ك تاكه پاڵێوراو بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كردنی ئه‌و پارته له كۆنگره‌ی دووه‌می نائاسایی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان ده‌ستنیشان بكات.
به‌مپێیه یڵدرم به دڵنیاییه‌وه بۆ پۆستی سه‌رۆكی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان هه‌ڵده‌بژێرێت و، پاشانیش له‌لایه‌ن ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی سه‌رۆككۆماره‌وه راده‌سپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت.
بن عه‌لی یڵدرم سیاسه‌توانێكی دێرینه و له دیارترین كه‌سایه‌تییه‌كانی توركیایه.
بن عه‌لی یڵدرم له ساڵی 1955 له ویلایه‌تی ئه‌رزینجانی رۆژهه‌ڵاتی توركیا له‌دایك بوه، دایكی ناوی به‌هار و باوكی ناوی دورسونه، شه‌ش خوشك و برای هه‌یه، له ته‌مه‌نی 16 ساڵیدا دایكی كۆچی دوایی كردووه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خێزانه‌كه‌ی حه‌زیان كردوه پزیشكیی بخوێنێت به‌ڵام ئه‌و كۆلێژی ته‌كنیكی زانستی ده‌ریایی و دروستكردنی كه‌شتی زانكۆی ئه‌سته‌نبوڵی ته‌واو كردووه.
یڵدرم له ساڵی 1978 ده‌ستی به كاركردن كردوه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی دروست كردنی كه‌شتی، هه‌ر له‌میانه‌ی كاركردنیدا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی سه‌رۆككۆماری ئێستای توركیا ده‌ناسێت.
له‌و كاته‌وه ئه‌ردۆگان سه‌رسام ده‌بێت به كاره‌كانی یڵدرم، بۆیه كاتێك ئه‌ردۆگان پۆستی سه‌رۆكی شاره‌وانی ئه‌سته‌نبوڵی وه‌رگرت، یڵدرمی كرد به به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای بارهه‌ڵگره ده‌ریاییه‌كانی سه‌ر به شاره‌وانی.
یلدرم له چوار خولی په‌رله‌ماندا وه‌ك ئه‌ندامی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردراوه. له ساڵی 2007 تا 2011 وه‌زیری گواستنه‌وه و گه‌یاندن و گواستنه‌وه‌ی ده‌ریایی بوه، پاشانیش له 2011 تا 2013 هه‌مان پۆستی وه‌رگرتوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها وه‌ك راوێژكاری ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا كاریكردوه.
له‌و كاته‌وه‌ی پۆستی وه‌زیری گواستنه‌وه و گه‌یاندنی وه‌رگرتوه چه‌ندین پرۆژه‌ی زه‌به‌لاحی جێبه‌جێ كردوه له كه‌رتی گواستنه‌وه و گه‌یاندن و ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری، وه‌ك هێڵی میترۆی مه‌رمه‌ره كه له‌ژێر گه‌رووی بۆسفۆره‌وه به‌شی ئاسیا و ئه‌وروپای ئه‌سته‌نبوڵ به یه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت، هه‌روه‌ها پردی “یاوز سه‌لیم” به‌سه‌ر گه‌رووی بۆسفۆردا هه‌روه‌ها پردی سێیه‌می ئه‌سته‌نبوڵ و تونێلی ئۆراسیا بۆ ئۆتۆمبێل له‌ژێر گه‌رووی بۆسفۆر.