یارونەیارانی سەربەخۆیی لە ناوخۆ و دەرەوە

0

نوچەنێت
بێگومان خاڵێکی هاوبەش کە تێکڕای لایەنە سیاسیەکانی هەریمی کوردستان، لە ماوەی ساڵان و دەیەکانی رابردوودا جەختیان لە سەر کردۆتەوە، مەسەلەی سەربەخۆیی کوردستان و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی بووە، بە واتایەک بوونە دراوسێی عێراق بووە.
لە ئەنجامی رەوتی گۆڕانکاریەکان و ئەو ژینگە ناوخۆیی و دەرەکییەی کە حکومەتی هەرێمی تێدا دەژی، بابەتی سەربەخۆیی نەتەنها بۆتە سووژە و پرسێکی میدیایی، بەڵکو، لای سەرکردایەتی کورد و بە تایبەتی مەسعود بارزانی بۆتە گوتارێکی سیاسی بە تایبەت کە ئەم دواییانە نەخشەی سیاسی سایکس-بیکۆی بە مردوو وەسف کرد، هەروەها لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت لە ئاستی جیهانیشدا بۆتە باس وبابەتێکی جیدی و جێێ سەرنج .
لە هەلومەرجی ئێستادا کۆمەڵگای سیاسی وپارتە سیاسیەکانی هەریمی کوردستان، بە سەر دوو لادا دابەش بوون. لایەک پێیوایە کە دۆخەکە ئامادەیە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی و بە پیچەوانەوە لایەکەی دیکە پێیانوایە، هەلومەرجەکە بۆ سەربەخۆیی ئامادە نییە. گرنگترین ئەو پێسنیار و بۆچوونانەی کە لایەنی نەیاری راگەیاندنی سەربەخۆیی هەڵگریەتی بریتین لە:
١- بوونی ناکۆکی و ئاڵۆزی لە نیوان لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان،
ئەم گروپە جەخت لە ناکۆکییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە، بە تایبەتی تەرکیزیان کردۆتە سەر کێشەکانی نیوان پارتی وگۆڕان و پێیانوایە، کە تا ئەو کاتەی کۆمەڵگای سیاسی کوردستان یەکدەست و یەکگرتوو نەبێ، ئەگەری تێپەڕبوون بەرەو قۆناغی سەربەخۆیی گەلێک لاوازە.
٢- نەبوونی سەربەخۆیی ئابوری و هێزی دارایی.
دووەمین فاکت کە پشتی پێ دەبەسترێ نەبوونی سەربەخۆیی ئابورییە. بە پێی ئەم بۆچوونە هەریمی کوردستان، جگە لە نەوت نەبێ هیچ داهاتێکی ئابوری سەربەخۆی نییە. بە و ئەگەرەشەوە کە رەنگە تورکیا بیهەوێ پێش بە هەناردە کردی نەوتی کوردستان بگرێت. ئەمەش وەک بەربەستێکی سەر رێگای سەربەخۆیی هەژمار دەکرێ ولە ئەنجامدا دەێتە هۆی دواکەوتنی پرۆسەکە.
٣- دژایەتی هێزە هەرێمیەکان.
هەڵسەنگاندنێکی دیکەی ئەم لایەنە پشتیوانی نەکردن لە مەسەلەی سەربەخۆیی کوردستانە لە لایەن هێزە هەریمیەکانەوە. لەم نیوەدا زۆرتر تەرکیز کراوەتە سەر تورکیا، ئێران و وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە بە تایبەتی میسر سعودیە، بە پێی ئەم بۆچوونە کورد بۆ گەیشتنی بە سەربەخۆیی لانی کەم دەبێ پشتگیری و پشتیوانی یەکێک لەم دو وڵاتەی هەبێ، ئێران وتورکیا، چونکە لە ئەگەری گەمارۆی ئەم دوو وڵاتە بۆ سەر سنورە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان، بە کردەوە ئەگەر و ئیمکانی درێژەکیشانی پرۆسەی دەسەڵاتدارێتی گەلێک لاوازە.
٤- نەبوونی ئیرادەی نێودەوڵەتی. دوایین تێڕوانینی ئەم لایەنە بۆ دژایەتی کردنیان لە گەڵ راگەیاندنی سەربەخۆیی، پشتگیری نەکردنی پرۆسەکەیە لە لایەن وڵاتانی زلهێزی جیهان بۆ نمونە ئەمریکا، روسیا ویەکێتی ئەوروپا، بە پێی ئەم بۆچوونە ئەمریکا، ئێستا پشتگیری دابەشبوونی عێراق ناکات و هیچ پلانێکیشی بۆ سەربەخۆیی کوردستان نییە.
بەرامبەر بەم تێروانین وبۆچوونانە، لایەنگرانی راگەیاندنی سەربەخۆیی راوبۆچوونی تایبەت بە خۆیان هەیە کە گرنگترینیان بەم شێوەیە:
١- قەیرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وناسەقامگیری بەربڵاو لە عێراق.
بە پێی ئەم تێڕوانینە، دۆخئ قەیراناوی ئیستا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق هەلودەرفەتێکی میژوویی خستۆتە بەردەم کورد، ئەگەر ئەم دەرفەتە بە کارنەهێنن، مەسەلەی سەربەخۆیی تا کاتێکی نادیار دوادەکەوێ.لایەنگرانی ئەم سیناریۆیە لە سەر ئەو باوەرەن کە هۆکاری ناسەقامگیری لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرهەڵدانی داعش و بەرەنگاری و سەرکەوتنی مێژووی کورد، بەرامبەر بە هێزەکانی داعش زیاتر لە هەموو کاتێک پرسی کوردی لە ئاستی نێودەوڵەتی خستۆتە رۆژەڤەوە. لە ئەگەری گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە بێ گومان کۆمەڵگای نیودەوڵەتی رای ئەرێنی لە سەر پرسی سەربەخۆیی نابێ، لە وەها حاڵەتێکدا خستنەوە بەرباسی سەربەخۆیی بە مانای ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە هەژمار دەکرێ.
٢-یەکگرتوویی نێوان هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی مەرجی پێویست نییە.
بەم پێی هەر چەند یەکپارچەیی ناوماڵی کورد، پێویستە بەڵام مەرجی پێویست و یەکلاکەرەوە نییە. لایەنگرانی ئەم بۆچوونە پێیانوایە، هیچ نەتەوەیەک پێش لە پێکهاتنی دەوڵەتی سەربەخۆ، بە تەواوی یەکگرتوو نەبوونە وئاساییە کە نەیارانی سەربەخۆیی دەنگیان هەبێت.
٣-هەلومەرجی ناوچەیی هیچ کات بۆ بابەتی سەربەخۆیی لەبار نەبووە و ناشبێت.
لەم روانگەوە دەگوترێ بە درێژایی مێژووی هاوچەرخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە دوای پەیماننامەی لۆزان، هیچ کات لە ئاستی ناوچەیی کۆدەنگییەک لە نێوان هێزەکان بۆ پێکهاتنی دەوڵەتی کوردی لە ئارادا نەبووە و ولە داهاتووشدا نابێت.
لە ئەنجامی ئەم هەلومەرجەی ئێستا، کە ناوچەکە بە شێویەکی بەربڵاو لە گەڵ کۆمەڵێک قەیران روو بە روویە، باسترین کات ودەرفەت بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەربەخۆیی لە بەردەست دایە.
٤-ئیرادەی نێودەوڵەتی بە تەواوی لە دژی پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی نییە. لایەنگرانی ئەم سیناریۆیە بە تایبەتی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان پێیانوایە، کە چەندین وڵات لە ئاستی نێودەوڵەتی ئامادەی بەفەرمی ناسینی سەربەخۆیی کوردستانن،هەروەها پێیانوایە، کە وڵاتانی وەک ئەمریکا وئەڵمانیا لە دوای راگەیاندنی سەربەخۆیی لە گەڵ واقعی سەربەخۆیی دەگونجێن و سەربەخۆیی کوردستان بە فەرمی دەناسن.
٥-سەربەخۆیی ئابووری مەرجی سەرەکی راگەیاندنی سەربەخۆیی نییە. بە پێی ئەم روانگەیە، زۆربەی ئەو دەوڵەتانەی کە لە هەناوی سنوور و سەروەری دەوڵەتانی دیکە لە دایک بوون، بە هۆی هەبوونی ژێرخانی ئابووری لەبار پێکنەهاتوون، بەڵکو دوای سەربەخۆیی ژێرخانێکی پتەوی ئابوورییان بنیات ناوە.هەر بە پێی ئەم خوێندنەوەیە لە زۆر نموونەی مێژووییدا ئابووری گەشەکردوو بۆتە هۆی بەربەست لە سەر رێگای سەربەخۆیی.
بۆ وێنە ئاماژە بە کاتۆلۆنیای ئیسپانیا و سکۆتلەند کە بە هۆی بوونی ئاستێکی بەرز لە گەشەی ئابووری و بوونی سەرمایەی ئابووری بەربڵاو، نە تەنها نەیانتوانیوە بگەنە سەربەخۆیی، بەڵکوو زۆربەی سەرمایەدارەکان بە هۆکار و پاساوی پاراستنی بەرژوەندیە ئابورییەکانی خۆیان، لە دژی سەربەخۆیی وەستاونەتەوە.
هەر چۆنێک بێت سەرباریبۆچوونەکانی یاران ونەیارانی راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان ،ئەوە رەوتی رووداوەکان و پێشهاتە چاوەڕواننەکراوەکانە کە یەکلاکەرەوەی هاوکیشەکانن، لەم رووەوە ناکرێ تەنها بە پێی هاوکیشە عەقڵانیەکان بابەتی سەربەخۆیی خویندنەوەی بۆ بکرێ، لەم رووەوە ئایندەی هەرێمی کوردستان و سەربەخۆیی ئەم بەشە بە رەوتی گۆڕانکاری و رووداوەکانەوە، گرێدراوە.
پرسی سەربەخۆیی کوردستان و هێنانە بەرباسی لە لایەن مەسعود بارزانییەوە، ناکرێ تەنها وەک تاکتیکێک بۆ دەربازبوون و بازدان بە سەر کێشە و گرفتەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان لێی بڕوانین، چونکە ئەم پرسە لە بنەڕەتدا ستراتیژی گەورەی بارزانییە بۆ داهاتووی ئەم هەرێمە.
هەرێمی کوردستان، رووبەرووی کۆمەڵێک کێشە وگرفتە.لە لایەک کێشەی دارایی، لە لایەکی دیکەوە داعش و سەرباری ئەم دوو گرفتە سەرەکییە، ناکۆکی سیاسی لە نیوان هێزە سیاسیەکان ،بە تایبەتی لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەریم، بەڵام لە هەمان کاتدا کێشەکان بەو ڕادەیە شوێندانەر نین. لەم بابەتەی دوایی دەکرێ ئاماژە بەو راستییە بدرێ، کە هیچ کام لە هێز و لایەنە رکابەرەکانی پارتی بەو رادەیە بەهێز نین، کە بتوانن پارتی و شەخسی بارزانی لە بازنەی دەسەڵات وەدەربنێن.بێ گومان هێنانە ئارای پرسی سەربەخۆیی و کردەیی کردنی، دەتوانێ پێگەی بارزانی زیاتر لە رابردوو بەهێزتر بکات. لە هەمان کاتدا ئەنجامدانی ریفراندۆم کردەیی نابێتەوە مەگەر ئەوەی کە هاودەنگی و رای ئەرێنی کۆی لایەنە سیاسیەکانی لە سەر بێت.
دەربارەی هەڵوێست و کاردانەوەی ئەمریکا، دەکرێ ئاماژە بە دوو خاڵ بدرێ.یەکەم، هەڵوێستی فەرمی دەوڵەوتی ئەمریکایە کە باراک ئۆباما، جۆبایدن و جۆن کێری بەردەوام جەختیان لە یەکپارچەیی خاکی عێراق کردۆتەوە و، دەوڵەتی حەیدەر عەبادی وەک سیمبول ورەمزی ئەم یەکپارچەییە دەناسن و، بە رواڵەت داواشیان ئەوەیە کە کورد ئەم رەمزە بپارێزێت.
لە خاڵی دووەم دەبێ سەرنجی ئەو دەنگە جیاوازانە ی ناو کۆمەڵگای سیاسی ئەمریکا بدرێت، کە رایانوایە، عێراق بە کردەوە دابەش بووە.هەڵوێست وچۆنیەتی مامەڵەکردنی خودی ئەمریکیەکان راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لە سەر ویستی سەربەخۆیی خوازی کورد شوێندانەر بووە. یارمەتی سەربازی و راوێژکاری و بەهێزترکردنی هێزی پێشمەرگە یەکێک لەو کارتانەیە کە کوردەکان، لە دوارۆژی داعش بۆ ململانێ و پاراستنی هاوسەنگی لە گەڵ بەغداد و بە هەمان شێوە رەنگە بۆ پێشختسنی مەسەلەی سەربەخۆیی بەکاری بێنن. لەم رووەوە کورد تا رادەیەکی زۆر متمانەی بە خۆی هەیە.
هەرچەند ئەمریکا شوێندانەرترین و گرنگترین هێزی جیهانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە رواڵەت رەنگە لە دژی ویستی سەربەخۆیی کورد بوەستێتیەوە، بەڵام زۆرتر رواڵەت و لایەنی دبلۆماسی هەیە.ئەگەر کورد بە ئاراستەی ویستی خۆی هەنگاو بنێ رەنگە تیچووی دژایەتی و دەستوەردانی ئەمریکا، زۆرتر لەو رادەیە بێت کە چاوەڕوانی دەکرێ. مێژووی بێباکی کورد لە پەیوەندی لە گەڵ هیڵی بۆری نەوتی هەولیر-ئەنقەرە، رەنگە نمونەیەکی باش بێت بۆ وەبیرهێنانەوە رەفتاری کوردەکان کە دژایەتی ئەمریکییەکان بە جیدی وەرنەگرن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com