نوچه‌نێت- ئه‌لجه‌زیره
گۆڤاری ناشیۆنال ئینتریستی ئه‌مریكی، باسی ته‌قینه‌وه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی به‌غدای پایته‌ختی عێراق و ناوچه‌كانی تری كردوه و ئاشكرای كردووه، كه ستراتیژیه‌تی نوێی داعش پارچه پارچه كردنی عێراق و وێران كردنیه‌تی.
نانسی جۆزێفی نوسه‌ر، له وتارێكیدا كه له گۆڤاره‌كه‌دا بڵاو بوه‌ته‌وه ده‌ڵێت داعش هه‌وڵی ناچار كردنی عێراقییه‌كان ده‌دات بۆ یه‌كتر كوشتن، داعش له‌بری ئه‌وه‌ی خاكی زیاتر داگیر بكات هه‌وڵی وێران كردنی عێراق ده‌دات، له رێگه‌ی چاندنی ترس و دڵه‌ڕاوكێ و رق و كینه له نێوان تایفه و پێكهاته‌كانی عێراق.
ئاماژه‌ی به كوژران و برینداربوونی سه‌دان كه‌س كردوه، له توند‌وتیژترین شه‌پۆلی ته‌قینه‌وه‌كان له به‌غدای پایته‌خت و ناوچه‌كانی تر.
به‌رپرسه ئه‌مریكییه‌كان پێیانوایه، زیادبوونی ژماره‌ی ته‌قینه‌وه‌كان ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه داعش چیتر تیشك ناخاته سه‌ر داگیر كردنی ناوچه‌ی زیاتر، به‌ڵكو هه‌وڵی وه‌ستاندنی حكومه‌تی عێراق ده‌دات بۆ گرتنه‌وه‌ی موسل، گۆڕێنی ئاراسته‌ی سوپا بۆ به‌رگری كردن له به‌غدا.
دوژمنی مه‌ترسیدار
نوسه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، كه ئه‌گه‌ر هێزه عێراقییه‌كان به‌رده‌وام بن له گرنگیدان به به‌غدا و وه‌ستاندنی هێرشه‌كانی سه‌ر به‌غدا، ئه‌وا ناتوانێت به‌ره‌و پێش بچێت بۆ گرتنه‌وه‌ی موسڵ.
نوسه‌ر له‌سه‌ر زاری وته‌بێژی پرۆسه‌كانی ئه‌مریكا له سوریا‌و عێراق، ستیڤن وارن ده‌ڵێت، سوپای عێراق بوونی خۆی له به‌غدا به‌هێز كردوه و نزیكه‌ی نیوه‌ی ژماره‌ی هێزه‌كانی بۆ به‌رگری كردن له به‌غدا ته‌رخان كردوه.
وارن گوتی، داعش له دۆخی به‌رگری كردندایه، به‌ڵام هه‌ر دوژمنێكی ترسناكه و هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی راسته‌قینه‌یه.
نوسه‌ر ئاماژه‌ی به رای به‌رپرسه عێراقییه‌كان كردووه، كه پێیانوایه داعش خۆكوژه‌كان بۆ گه‌ڕه‌كه شیعه‌كانی به‌غدا ده‌نێرێت .
به‌رپرسه ئه‌مریكییه‌كان دڵه‌ڕاوكێیان هه‌یه، سه‌باره‌ت به كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر حكومه‌ته له‌رزۆكه‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی له پایته‌خته پارچه پارچه بوه‌كه‌یدا.