سەد ساڵ دوای سایکس-بیکۆ، بارزانی دەیەوێت چیبکات؟

0

نوچەنێت

رۆژی دووشەممە،١٦ی مانگی مەی، یادی ١٠٠ ساڵەی رێککەوتننامەی سایک-بیکۆ بوو، رێککەوتنێکی ژێربەژێر کە لە نێوان بەریتانیا و فەرەنسا واژۆ کرا و، بۆ ماوەی ١٠٠ ساڵ تانوپۆی کێشە و ئاڵۆزیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی چنی.

سایکس-بیکۆ زیاتر لە هەر لایەنێک، دڵی کوردی بریندار کرد کە ئێستاش ئاسەوارەکانی لە جێی خۆیەتی. ئەندازیارودارێژەری ئەم رێککەوتنە نهێنیە، سێر مارک سایکس، راوێژکاری سیاسی و بلۆماسی و سەربازی و توێژەری بەریتانی و یەکێک لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا و فڕانسوا جۆرج پیکۆ، سەرکۆنسوڵی ئەم وڵاتە بوون لە بەیروت، کە بۆ یەکلاکردنەوەی وتووێژەکان و واژۆکردنی رێککەوتنەکە چووبوونە لەندەن. روسیاش بەشداری پێکراو و بەرژوەندیەکانی لە بەرچاو گیرا.ئەم رێککەوتنە لە بنەمادا بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی ئیمراتوریەتی عوسمانی  رێکخرا، دواتر لە مێژوودا بە رێککەوتنی سایکس-بیکۆ ناوبانگی دەرکرد.

داعش، کورد و سایکس- بیکۆ

روسیا کە بە سەرهەڵدانی شٶڕش، پەیمانی ئاشتی لە گەڵ ئەڵمانیا واژۆ کردبوو و لە بەرەی موتتەفەقیندا نەمابوو، لە بەرژەوەندیەکانی سایکس-بیکۆ بێ بەش مایەوە.تورکەکانیش چەند ساڵ شەڕیان کرد و توانیان دەستی ئیتاڵیا و یۆنانیەکان لە سەر خاکی خۆیان کورت بکەنەوە و، تەنانەت توانیان چەند ناوچەیەکی قەڵەمڕەوی شام بپارێزن.

بەڵام عەرەبەکان دۆڕاوەی رێککەوتنەکە بوون. ناسیۆنالیزمی عەرەبی لەو پەڕی هێز و دەسەڵاتی خۆیدا بە سەرکردایەتی جەمال عەبدولناسر، نەیانتوانی کەمترین دژکردەوەیان هەبێت. تەنها هێزێک کە توانی بەکردەوە رێککەوتنەکە تووشی خەلەل بکات و باس لە کۆتایی سایک-بیکۆ بکات داعش بوو.

جێی ئاماژەیە کە مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رۆژی دوووشەممە لە یادی ١٠٠ ساڵەی سایکس بیکۆ، رێککەوتنەکەی بە مردوو وەسف کرد. داعش کە توانی سنورەکان نیوان سوریا و عێراق ببەزێنی یەکەم هێز بوو کە نەخشەی رێککەوتنەکەی شێواند. ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا  وهاوپەیمانان نەبوایە رەنگە  پێشڕەویەکانی  زۆرتر بوایەت.

سایکس بیکۆ کوردەکانی پشت گوێ خست. رەنگە ئەگەر سایکس سەد ساڵ لەمەوبەر شارەزایی و نازیاری لە سەر توانا و هیزی کوردەکان هەبوایە، پلانێکی دیکەی داڕشتبایە و پشکی کوردەکانی لەبەر چاو دەگرت. سەرهەڵدانی داعش ئەم تواناییەی کوردی ئاشکرا کرد. هێزێک کە بە نوێنەرایتەی جیهان شەڕی داعش و پیشکەوتووترین سیمای تیرۆریزمی جیهانی دەکات.

ئیستا کورد هێزێکی جیدیی و شوێندانەرە، ئەگەر بڕیار بێت بۆ جارێکی دیکە لە پشت دەرگاداخراوەکان نەخشەیەک بۆ وێناکردنەوەی جوگرافیای سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابڕێژرێتەوە. گومان لەوەدا نییە کە بۆ جارێکی دیکە پشت گوێ ناخرێن.

سەد ساڵ دوای ئەم رێککەوتنە، شارەزایانی سیاسی پێیانوایە کە تەمەنی  بەسەر چووەو پێویستە سنوورەکان سەرلەنوێ پێناسە بکرێنەوە. ئەو سنورانە کە جگە لە شەڕ و خوێنڕشتن نەبی هیچ دەستەوکتێکی بۆ دانیشتوانی ناوچەکە بەدواوە نەبووە. پێداگری لە سەر پاراستنی دۆخی ئیستا و میراتی سایکس-بیکۆ ناتوانێ مژدەبەخشی داهاتوویەکی هیوابەخش بێت. ئێستا رۆحی سایکس و بیکۆ نائارامە بە وهۆی ئەو میراتەی شومەی کە لە دوای خۆیان بەجێیان هێشت.

کورد چۆن وەسفی سایک-بیکۆ دەکات؟

راوێژکاری مەسعود بارزانی دەڵێت: رێککەوتنی سایک-بیکۆ پێکەوە ژیانێکی زۆرەملی بوو. پارێزگاری هەولیر دەڵێت، ئەم رێککەوتنە بۆتە هۆی مەرگی سەدان هەزار کەس. جێگری جەلاڵ تاڵەبانی دەڵێت: سایکس و بیکۆ سەد ساڵ بەر لە ئیستا سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان وێنا کرد، بەڵام ئەمرۆ خەڵکی ناوچەکە دەیانهەوێ بۆ خۆیان لە داڕشتنەوەی سنوورەکان سەرپشک بن.

بە گوێرەی نیۆیۆرکێر، هەرچەند سنورەکانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وێکچوونێکی کەمی لە گەڵ نەخشەی سەرەتایی سایک.بیکۆ هەیە، بەڵام دانیشتوانی ناوچەکە دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک میراتی سایک و بیکۆ فەرامۆش ناکەن.

بەرهەم ساڵح، جێگری مام جەلال ئەوەس دەخاتە روو کە ئەم جارە خەڵک بە پێچەوانەی رێککەوتنەکە دەبێ هەوڵێکی زۆر بۆ داڕشتنەوەی سنوورەکان بدەن. هەرچەند بە راستی نازانین چارەنوسی خەڵکەکە دەبێ بە چی.

نەوزاد هادی، پاریزگاری هەولێر بە نیۆیۆرکێری راگەیاندووە، کە کیشەی سەرەکی خەڵکی ناوچەکە و جیهانی دەرەوە لەوەدایە کە ئەوان تەنها دەزانن کە هیچ شتێکیان ناوێ. ئەوان هێشتا سەبارەت بە سیستمی سیاسی و ئەوەی کە چ سنورێک گونجاوە هیچ بڕیارێکیان نەداوە.

زکری موسا، راوێژکاری سیاسی مەسعود بارزانی رایوایە، کە رێککەوتننامەی سایک-بیکۆ هەڵەیەکی رەها بوو. ئەم رێککەوتنە وەکا ژیانێکی هاوبەشی زۆرەملێ بوو و هەر لە سەرەتاوە بەدفەڕ بوونی ئاشکرا بوو .چون بە بێ ئەوەی لە دانیشتوانی ناوچەکە پرسیارێک بکرێ دەربارەی چارەنووسیانەوە بڕیار درا.

نە سایکس دەمینێ نە بیکۆ

لە هەریمی کوردستان دۆخێکی تایبەت لە ئارادایە. دروشمی نەمان بۆ سایکس-بیکۆ لە لایەن مەسعود بارزانی هەڵگیراوە، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و کوڕی مەلا مستەفا بارزانی، کە پشت بە پشت بەرامبەر بە عوسمانی و سیستمی پاشایەتی عێراق و لە قۆناغێکیشدا ئێران وەستاونەتەوە. بارزانی لە هەوڵدایە تا ئەم دۆسیەی سەربەخۆی لە ماوەی ژیانی سیاسی خۆیدا بۆ هەمێشە دابخات و بیگەیێنێتە ئەنجامی کۆتایی. ئەگەر هەرێمی کوردستان سەربەخۆیی رابگەیێنێ چی روودەدات؟ پرسیارێک  کە تینووی وەڵامە.

ئایا هەریمی کوردستان و شەخسی بارزانی چاوەڕێی مۆڵەتی ئەمریکا، ئەوروپا،عێراق، ئێران و وڵاتانی دراوسێ دەکات ، کورد لە ئێستادا ئەکتەر و کاراکتەرێکی بەهێزە ،لە رووی سەربازی، دبلۆماسی، سەرچاوە سروشتییەکانی نەوت وگاز،هێزی پێشمەرگە  وئەوەی کە پێی دەگوترێ کاراکتەری نەتەوەیی خاوەن پێگەی تایبەتە  بۆی هەیە میراتی سایکس-بیکۆ بە خاک بسپیرێ یان قەدەر وادەبێ کە پابەندی میراتەکە دەبێ؟

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com