نوچەنێت
رێککەوتننامەی سایکس پیکۆ، دۆکیومێنتێکی نهێنی بوو لە لایەن بەریتانیا و فەرەنسا و بەڕەزامەندی روسیا واژۆ کرا، لە سەر ئەو بنچینەیەش ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دابەشکران.
سایکس- پیکۆ رێککەوتننامەیەک نەبوو لە نێوەندە دیبلۆماتییەکاندا تاوتوێ بکرێت. هەربۆیەش کاتێک لە ساڵی 1917ـدا بەندەکانی لە لایەن حکومەتی رووسیاوە ئاشکراکران، کاردانەوەی گەورەی نێودەوڵەتی لەگەڵ خۆی هێنا.
دوو دیپلۆماتکاری باڵای بەریتانی و فەرەنسی راوێژکاری باڵای وڵاتەکانیان بوون بۆ نووسینی بەندەکانی رێککەوتننامەکە. سێر مارک سایکس سیاسەتمەدارێکی سەر بە پارتی کۆنسێرڤەتیڤی بەریتانیا بوو. فرانسوا جۆرج پیکۆت-یش نوێنەر و دیبلۆماتکارێکی باڵای فەرەنسا بوو.
چەند ساڵێک پێش واژۆکردنی رێککەتننامەکە، سێر مارک سایکس سەردانی ناوچەکەی کرد و زۆربەی خاکی کوردستان گەڕا. ناوبراو لە ساڵی 1908یش نەخشەیەکی ئیتنۆگرافی کوردستانی بڵاوکردەوە.
ویدرۆ ویڵسن، سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا دژی رێککەوتننامەکە بوو. ناوبراو لە ساڵی 1918دا گوتەیەکی بەم مەبەستەوە پێشکەشکرد، کە بە گوتارە “چواردە خاڵییەکە” ناسراوە.
ویدرو ویڵسن لە بەشێکی گوتەکانیدا رایگەیاند “سەردەمی داگیرکاریی کۆتاییهات. ئەو رۆژانە بەسەرچوون کە تێیاندا رێککەوتننامەی نهێنی لەبەرژەوەندی هەندێک حکومەتدا واژۆ بکرێت. دەکرێت ئەم جۆرە رێککەوتننامانەش لە داهاتوودا ئاشتی جیهان تێکبدەن”.
ویدرو ویڵسن زۆر جەختی لە سەر هەبوونی مافی چارەنووس لە لایەن گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکردەوە، بەڵام لە ساڵی 1919 تیمێکی ئەمریکی رەوانەی ناوچەکە کرد بۆ ئەوەی ستراتیژیێتێک دابڕێژن دەربارەی شێوازی بەڕێوەبردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەمریکییەکان نەخشەیەکی نوێیان بۆ ناوچەکە کێشا و گەیشتنە ئەو دەرئەنجامەش کە دەبێت ئەمریکا هێزێکی گەورەی لەم ناوچەیەی جیهاندا هەبێت بۆ نەهێشتنی کێشەی نێوان خێڵ و پێکهاتە ئیتینەکان.