نوچه‌نێت- رۆژنامه‌ی هارتس
له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو كاره‌سات و دابه‌شبوون و جه‌نگی تایفی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ی له عێراق ده‌گوزه‌رێت، هه‌رێمی كوردستان خۆی ئاماده ده‌كات بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه‌ی له وڵاتی عێراق، به پاڵپشتی ئیسرائیل و لۆبی جوله‌كه بۆ كێشه‌ی كورد له واشنتن.
ئه‌مه بابه‌تی ئه‌و وتاره بوو كه “تسفی برئیل” شیكه‌ره‌وه‌ی سیاسی له رۆژنامه‌ی هارتس بڵاوی كرده‌وه، به ناونیشانی “كوردستان و ئیمه”، تیایدا باسی هه‌وڵه‌كانی كوردی كردوه بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و هاوسۆزی سه‌ركرده‌كانی كورد بۆ ئیسرائیل و جوله‌كه بۆ ئه‌وه‌ی هاوكارییان بكه‌ن، له ئاماده‌كردنی رای گشتی جیهانی بۆ په‌سه‌ند كردنی ئه‌و ده‌وڵه‌ته سەر‌به‌خۆیه‌ی كه دروستبوونی حه‌تمیه، ئه‌و هاوسۆزییه له میانه‌ی یاد كردنه‌وه‌ی “هۆلۆكۆست” بۆ یه‌كه‌مجار له هه‌ولێر خۆی بینییه‌وه.
به‌مدواییانه شاندێكی گه‌ورهی به‌رپرسانی كورد چوونه ئه‌مریكا ، له‌ناویاندا شێرزاد مامه‌سێنی نوێنه‌ری جوله‌كه له وه‌زاره‌تی ئه‌قاف و كاروباری ئایینی هه‌رێمی كوردستان هه‌بوو، سه‌ردانی شانده‌كه بۆ داواكردنی هاریكاری دارایی بۆ پشتیوانی كردنی پێشمه‌رگه له جه‌نگی دژی داعش و هه‌روه‌ها سه‌ردانه‌كه‌شیان بۆ باسكردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان قۆسته‌وه.
به‌پێی راپۆرته رۆژنامه‌وانییه‌كان شانده‌كه چاوی به نوێنه‌رانی لۆبی جوله‌كه كه‌وتوه له واشنتن و داوای پشتیوانی ئیسرائیلییان كردوه بۆ به‌هێزكردنی دۆسیه‌كه‌یان.
تا ئێستا هه‌رێمی كوردستان بڕوای به توانای لۆبی جوله‌كه و ئیسرائیل هه‌یه له كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئه‌مریكا، هه‌روه‌ها جه‌ختیش له په‌یوه‌ندی نێوان كورد و ئیسرائیل ده‌كه‌نه‌وه.
له‌مساڵدا و بۆ یه‌كه‌مجار له هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان یادی هۆلۆكۆست كرایه‌وه، كه نوێنه‌رانی قونسوڵی روسیا و ئه‌مریكا و فه‌ره‌نسا به‌شدارییان تێدا كرد ئه‌مه جگه له نوێنه‌رانی ئه‌رمه‌ن، پێكه‌وه شه‌ش مۆمییان داگیرساند وه‌ك هێمایه‌ك بۆ شه‌ش ملیۆن كه‌س، هه‌روه‌ها نوێنه‌ره‌كان كڵاوی جوله‌كه‌یان له‌سه‌رنا.
له‌گه‌ڵ ئه‌و مقۆمقۆیانه‌ی له‌سه‌ر ژماره‌ی جوله‌كه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاریدا به‌شێكی تایبه‌ت به جوله‌كه‌كان بكاته‌وه له وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی هه‌ریمی كوردستان وه‌ك ئاینه كه‌مینه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان.