نوچەنێت
هێزەكەی حەشدی نیشتیمانی لە یەكەم تاقیكردنەوەیاندا كە توركیاش پاڵپشتیی دەكردن، دەرنەچوون و دوای شەڕێكی شەش كاژێری نەیانتوانی گوندێك لە ناوچەی باشیك كۆنترۆڵ بكەن و بە ژمارەیەك كوژراو و بریندارەوە گەڕانەوە سەربازگەكەیان.
حەشدی نیشتیمانی كە هێزێكی سوننەیە و زۆربەیان خەڵكی مووسڵن، ساڵ و نیوێك لەمەوبەر دامەزراوە.
ئەو هێزە كە ژمارەیان گەیشتووەتە 1200 سەرباز، لەلایەن ئەسیل نوجێفی، پارێزگاری پێشووی مووسڵەوە سەرپەرشتی دەكرێن. شەش مانگ لەمەوبەر هێزێكی توركیا بە چەكی قورسەوە لە سەربازگەكەی حەشدی نیشتیمانی جێگیر بوون، ئەوەش كاردانەوەی توندی حكومەتی عێراقی لێكەوتەوە كە داوای لە توركیا كرد هێزەكەی لەخاكی عێراق بكێشێتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستاش بەشێك لەو هێزە هەر لەو سەربازگەیەدا ماون.
سەرچاوەیەك لە هێزی پێشمەرگە لە میحوەری باشیك کە نەیویست ناوی بهێنرێت تایبەت بە نوچەنێت رایگەیاند: رۆژی 14-5-2016، هێزەكانی حەشدی نیشتیمانی بە پاڵپشتی سوپای توركیا هێرشیان كردە سەر گوندێكی قەزای باشیك، بەڵام دوای شەش كاژێر شەڕكردن نەیانتوانی گوندەكە لە دەست چەكدارانی داعش دەربهێنن.
بە گوێرەی زانیاری ئەو سەرچاوەیە: هێزەكەی توركیا دەیانویست وەكو تاقیكردنەوەیەك بۆ ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ بەشداری لەو هێرشەی حەشدی نیشتیمانی بكەن، بەڵام لە تاقیكردنەوەكەیان سەركەوتوو نەبوون.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: ئامانجێكی دیكەی توركیا لەو هێرشە ئەوە بوو توانای هێزەكانی حەشدی نیشتیمانی بببین كە زیاتر لە ساڵ و نیوێكە لە سەربازگەیەكی نزیك باشیك مەشق و راهێنانیان پێ دەكەن، بەڵام توانای ئەو هێزەیان بۆ دەركەوت كە هیچ جیاوازیی نییە لەگەڵ سوپای عێراق.