نوچەنێت
كۆسرەت رەسوڵ دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا رایگەیاند، یەكێتی و گۆڕان لە گرینگی و رۆڵ و پێگەی پارتی تێدەگەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 15-5-2016 كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبووەوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوێكی نووسینگەی كۆسرەت رەسوڵ، لە کۆبوونەوەکەدا هەر دوولا باسیان لە دوایین قۆناخەكانی رێككەوتنی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كردووە و جەختیان لەوە كردووەتەوە كە لە ئایندەیەكی نزیكدا رێككەوتنەكە واژۆ بكرێت و بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
كۆسرەت رەسوڵ عەلی گوتویەتی، یەكێتی و گۆڕان تەئكید لە یەكڕیزی و یەكخستنەوەی نیشتمانی دەكەن. داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكان دەكەن یەكڕیز بن و هەموویان لە خەمی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بن و خۆیان ئامادەبكەن بۆ هەموو ئەگەرەكان.
جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی رایگەیاندووە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە گرینگی و رۆڵ و پێگەی پارتی تێدەگەن و داوای لێدەكەن هاوكاربێ لە یەكخستنەوەی نێوماڵی كورد و چارەسەركردن و تێپەڕاندنی قەیرانەكان.
كۆسرەت رەسوڵ گوتی، رێككەوتنەكە لە پێناو دەربازبوونە لە قەیرانی سیاسی، دارایی و هەوڵەكان چڕتر دەكەینەوە لەپێناو خۆشگوزەرانی خەڵك و كەمكردنەوەی كاریگەری قەیرانی دارایی.
رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، لە دیدارەکەدا گوتویەتی، پاش واژۆکردنی رێككەوتننامەكە گرینگی رێككەوتنەكە بۆ كۆمەڵانی خەڵك رووندەكەینەوە.