نوچەنێت
مەحموود عەلوەی، وەزیری ئیتلاعاتی ئێران لە گەڵ هەر یەک لە وەزیری دەرەوە، سەرۆکی پەرلەمانی عیراق و هەروەها نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئەم وڵاتە لە بەغداد کۆبووەوە و سەبارەت بە دۆخی سیاسی عێراق گفتوگۆیان کردووە.
ئاژانسی فەرمی هەواڵدەریی کۆماری ئیسلامی، ئیرنا، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٥ی مای رایگەیاندووە، کە ئەم دیدارانە رۆژی شەممەی ئەنجام دراون و لایەنەکان سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و سیاسی ورێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم باس وگفتوگۆیان کردووە.
کەناڵی هەواڵی پرێس تیڤی، کە سەر بە دەوڵەتی ئێرانە لەم بارەوە رایگەیاندووە کە لە دیدار و چاوپێکەوتنی مەحموود عەلەوی، وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران و ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق دەربارەی پەیوەندیەکانی دوو وڵات وپەیوەندی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و رووداوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان گفتوگۆیان کردووە.
ئێران هاوپەیمانێکی سەرەکی دەوڵەتی مەرکەزی بەغدادە، تاران یەکێ لە پشتیوانانی سەرەکی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریایە.
سوریا و عێراق بەدرێژایی سنووری هاوبەشیان هەیە کە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، دەوڵەتی ئیسلامی داعش توانیویەتی بە شێوەیەکی بەرچاو پێشڕەوی تێدا بکات. ئەم سێ وڵاتە وێڕای روسیا ژوورێکی عەمەلیاتیان بۆ هەماهەنگی و هاوکاری ئەمنی دامەزراندووە.
بە گوێرەی راپۆرتی پرێس تیڤی،لایەنەکان هەروەها سەبارەت بە”پێویستی مامەڵەی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی داعش”باس و گفتوگۆیان هەبووە و یەکێ لە تەوەرە سەرەکیەکانی ئەم چاوپێکەوتنانە بووە.
سەلیم جبوری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق یەکێکی دیکە لەو کەسانە بووە کە لە گەڵ وەزیری ئیتلاعاتی ئێران کۆبوەتەوە. بە گوێرەی راپۆرتێکی ئیرنا، لەم دیدارەی جبوری و عەلەوی دوایین گۆڕانکارتەکانی عێراق و ناوچەکە خراوەتە بەر باس و گفتوگۆ.
عەلەوی هەروەها لە گەڵ نوری مالیلی، سەرۆکی ئێئتلافی دەوڵەتی یاسا و سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق کۆبوەتەوە کە وەک یەکیک لە هاوپەیمانە سەرەکیەکانی ئێران هەژمار دەکرێ.
ئێئتلافی دوڵەتی یاسا دوابەدوای کێشەو ناکۆکیەکانی لە گەل ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق، ورەوتی سەدر بە تەنها لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٠ بەشداری کرد و لە کۆی ٣٢٨ کورسی،بوو بە خاوەنی ٨٩ کورسی. لە ساڵی ٢٠١٤ ئەم حزبە زۆرینەی پەرلەمانیشی بەدەست هێنا.
ناڕەزاییەکان بەرامبەر بە مالیکی، دوای ئەوەی کە داعش بە بەرباوی هێرشی کردە سەر چەند ناوجەیەکی عێراق وپێشڕەوی تێدا کرد، بوو بە هۆکارو لەمپەرێکی گەورە لە بەردەم مالیکی تاکو نەتوانێ بۆ جاری دووەم پێداگری لە سەر مانەوەی پۆستی سەرۆکوەزیری بکاتەوە. لە ئەنجامدا حەیدەر عەبادی گەیشتە دەسەڵات، پیاوێکی سیاسی کە لە لایەن تارانەوە پشتیگیری لێکرا.
فەرماندەی هێزەی زەمینی ئەرتەشی ئێران ئەم دواییانە رایگەیاند، کە لەو سەروبەندەدا داعش ویستویەی هێزەکانی لە ١٢ کیلۆمەتری سنوورەکانی ئێران جێگیر بکات. ئەحمەد رەزا پوردەستان هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە کە ئیستاشی لە گەل بێت نیشانە و رەگەکانی لایەنگری کردن لە دعش لە پارێزگای دیالە لە نزیک سنووری ئێران دەبیندرێ.
وەزیری ئیتلاعاتی ئێران رۆژی هەینی گەیشتە بەغداد، بە پێی زانیاریەکان ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، لە گەڵ نیچیرڤان بارزانی،سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبۆتەوە.لەم دیدارەدا هەردوولا بیروبۆچوونیان لەبارەی بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش ئاڵوگۆڕ كرد.