نوچەنێت-ئیرەم نیوز
دەزگا راگەیاندنەكانی نزیك لە ئۆپۆزسیۆنی ئێران رۆژی هەینی رایانگەیاند، قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، بە موعجیزە لە هێرشێكی ئاسمانی ئیسرائیل رزگاری بووە، كە كۆمەڵێك سەركردەی سوپای پاسداران و فەرماندەی سەربازی سەر بە حزوڵڵای لوبنانی كردبووە ئامانج، کە لە ناویاندا مستەفا بەدرەدین بوو.
پێگەی “ئومید نیوز”ی ئێرانی لە هەواڵێكی كورتدا رایگەیاندبووە “قاسم سلێمانی و فەرماندەیەكی تری سوپای پاسداران بە ناوی عەلی رەزایی، ئەو كۆبوونەوەیان بەجێهێشتبوو كە لە نێوان فەرماندەكانی سوپای پاسداران و فەرماندە سەربازییەكانی حزبوڵڵای لوبنانیدا ئەنجامدرابوو, لە ناویاندا مستەفا بەدرەدین كە لە هێرشەكەدا كوژرا”.
ئەو پێگە ئێرانییە، هیچ وردەكارییەكی تری باسنەکردووە، بەڵام گوتبووی “فەرماندەیەكی سوپای پاسداران لە گەڵ مستەفا بەدرەدینی سەركردە لە حزبوڵڵای لوبنانی كوژراوە”, بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران هیچ لێدوانێكیان نەداوە سەبارەت بەو زانیارییە.
بەڵام میهرداد خەلیلی، كە چالاكوانێكی ئەهوازییە و نزیكە لە سوپای پاسداران لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك گوتوویەتی ” قاسم سلێمانی سەلامەتە و ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەكەن كە لە كاتی هێرشە ئاسمانییەكەی ئیسرائیلدا لە نزیك دیمەشق بووە راست نین”.
حزبوڵڵای لوبنان، سەر لە بەیانی رۆژی هەینی13-5-2016، بەیاننامەیەكی لە رێگەی كەناڵی مەنارەوە بڵاوكردەوە، كە كوژرانی مستەفا بەدرەدینی فەرماندەی سەربازی لە تەقینەوەیەكی گەورەدا لە نزیك فرۆكەخانەی دیمەشق راگەیاند، بەڵام سرووشتی تەقینەوەكەی دیاری نەكرد.
لە لای خۆشیەوە كەناڵی مەیادینی حزبوڵڵا، كە ئێران پشتیوانی دارایی دەكات گوتی، كوژرانی بەدرەدین بەهۆی هێرشێكی ئاسمانی ئیسرائیلەوە بووە كە شەوی سێشەممەی رابردوو ئەنجامیداوە.
بەدرەدین بە یەكێك لەو پێنج داواكراوە دیارە دادەنرێت، كە دادگای نێودەوڵەتی تایبەت بە دۆسیەی لێكۆڵینەوە لە تیرۆر كردنی رەفیق حەریری سەرۆكوەزیرانی پێشووی لوبنان داوای دەكات.
بەدرەدین لە وڵاتی كوەیت حوكمی لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە بەهۆی ئەوەی رۆڵی هەبووە لە هێرشەكانی ساڵای 1983 بە بۆمب، بەڵام لە كاتی داگیركردنی كوەیت لە لایەن عێراقەوە لە ساڵای 1990 توانی لە زیندان رابكات.