نوچەنێت- تەلەگراف
رۆژنامەى تەلەگرافى بەریتانى بڵاویکردەوە، دادگاى باڵاى بەریتانیا هەوڵی عێراقییەکانى بۆ دادگایی کردنى سەربازە بەریتانییەکان بە تۆمەتى دەستگیر کردنییان بە نایاسایی و رەفتارى خراپ لەگەڵیان رەتکردەوە، بە بیانووى ئەوەى کە ماوەیەکى زۆر بەسەر رووداوەکاندا تێپەڕ بووە، بەپێى یاساى عێراقى.
رۆژنامەکە روونیکردەوە، دادگا پێیوایە سکاڵاکەران کە ژمارەیان 600 کەس دەبێت ماوەیەکى درێژ چاوەڕێیان کردووە، پێش ئەوەى سکاڵا لەسەر وەزارەتى بەرگرى بەریتانیا تۆمار بکەن، کە تیایدا باسى دەستدرێژیکردنە سەر مافەکانیان دەکەن لەسەر دەستى سەربازە بەریتانییەکان لە جەنگى عێراقدا.
رۆژنامەى تەلەگراف ئاماژەى بەوە دا، کە وەزارەتى بەرگرى بەریتانیا تا ئێستا لە 324 کەیسدا 20 ملیۆن پاوەندى وەک قەرەبوو خەرج کردووە لەو کەیسانەى لە دادگاکاندا لە دژى بەرز کراونەتەوە، هۆکارى ئەوەش کە واى لە دادگا کرد ئەو سکاڵایانە رەت بکاتەوە، تێپەڕبوونى کاتێکى زۆرە بەسەر رووداوەکاندا بەپێی یاساى عێراقى، کە سێ ساڵى دیاریکردووە، بۆ سکاڵا کردن لە کاتى روودانى رووداوەکە.
بەڵام ئەو کۆمپانیای پارێزەرانەى کە ئەرکى بەرگرى کردن لە عێراقییەکانى گرتووەتە ئەستۆ رایگەیاند، کە دوو کەیسى نوێ لە داهاتوودا بەرز دەکاتەوە و بەڵگە یاسایی نوێ پێشکەشى دادگا دەکات سەبارەت بە دواکەوتنى سکاڵا کردنەکە.