نوچەنێت- عێراق پرێس
فەرماندەی هێزە زەمینییەكانی ئێران عەمید ئەحمەد رەزا پوردەستان گوتی، ئێران پێنج لیوای ئامادە كردووە بۆ چوونە ناو خاكی عێراقەوە.
پوردەستان روونیكردۆتەوە “سوپای ئێران پێنج لیوای هێزی زەمینی ئامادە كردووە، لە لایەكی تریشەوە پرۆسەی پشكنینیان لەسەر سنورەكانی عێراق ئەنجامداوە و ئێستا ئامادەن بۆ شەڕكردنن”.
پوردەستان جەختی كردۆتەوە كە “فڕۆكە ئێرانییەكان دەستیان بە فڕین كردووە بە ئاسمانی عێراقدا، هەواڵگری ئێرانیش چاودێری هەموو ناوچەكانی عێراق دەكات لە رێگە نەخشە و ئامێری دیاریكردنی شوێنەكان، بۆ ئەوەی بە تۆپی قورس تۆپبارانی بكەین ئەگەر پێویستی كرد”.
عەمید پوردەستان لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی “سەف” كە سوپای ئێران دەریدەكات گوتی” سوپای ئێران كە هەستی كرد مەترسی تیرۆر هێڵی 40 كیلۆمەتری ناو خاكی عێراق تێدەپەڕێنێت و لە ئێران نزیك دەبێتەوە، ئێران بە مافی خۆی دەزانێت بێتە مەیدان و رووبەڕووی تیرۆر ببێتەوە لە ناو خاكی عێراقدا.
سنوری نێوان عێراق و ئێران نزیكەی 1458 كیلۆمەترە.
شارەزایان پێیانوایە، كە هێزی سەربازی ئێران لە پارێزگای دیالە هاتۆتە ناوەوە، كە گرژی سیاسی و كاری توندوتیژی و تەقینەوەی زۆری تێدایە، بە درێژایی چەند مانگی پێشوو بەرپرسە ناوخۆییەكانی ئەو پارێزگایە هۆشدارییانداوە لە “هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای پارێزگاكە”.