مەکتەبی سیاسی پارتی: نەھاتنی یەکگرتوو بۆ کۆبوونەوەکە چەندین پرسیار رووبەڕووی یەکگرتوو دەورووژێنێ

0

مەکتەبی سیاسی پارتی: نەھاتنی یەکگرتوو بۆ کۆبوونەوەکە چەندین پرسیار رووبەڕووی یەکگرتوو دەورووژێنێ و وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەش بۆ رای گشتی کوردستان جێ دەھێڵین
نوچەنێت
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی بەشداری نەکردنی یەکگرتووی ئیسلامی لەکۆبونەوەکەی ئەمرۆ رونکردنەوەیەکی راگەیاند، و کە تێکدا دەڵێت یەکگرتوو بریار بوو ئەمرۆ بەشداری کۆبونەوەکە بێت بەڵام”نەھاتنیان بۆ کۆبوونەوەکە و ئامادەنەبوون بۆ گفتوگۆی راستەوخۆ کە تێیدا راستییەکان دەرکەون، جا بەھەر پاساو و بیانوویەک بێت، چەندین پرسیار رووبەڕووی یەکگرتوو دەورووژێنێ و وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەش بۆ رای گشتی کوردستان جێ دەھێڵین”.
دەقی رونکردنەوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی
لەدوای سەردانی جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ دەڤەری پارێزگای دھۆک لە ٣/١٢/٢٠١١ و بانگەوازی بەڕێزیان بۆ ھێورکردنەوەی بارودۆخەکە، ھەروەھا بۆ پشتیوانی لە دەستپێشخەرییەکەی بەڕێز مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، بڕیار وابوو ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ١١/١٢ کۆبوونەوەیەکی ھاوبەش لەنێوانی شاندی مەکتەبی سیاسی پارتیمان و شاندی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی لە نووسینگەی ئەمیری کۆمەڵ ئەنجام بدرێ. بۆیە سەرەڕای پەلەکردنی یەکگرتوو لە دەربڕینی ھەڵوێستیان، بەڵام ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان لە روانگەی بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانیمان و بەخەمەوە بوونی پاراستنی یەکڕیزیی و تەبایی نێو ماڵی کوردستان و بەمەبەستی کۆتایی ھێنان بەم بارودۆخە نەخوازراوە و ئەو رەوشە ئاڵۆزەی دروستکراوە، ، ئەمڕۆ شاندی مەکتەبی سیاسی پارتیمان لە کات و شوێنی دیاریکراو ئامادەبوو، بەڵام شاندی یەکگرتوو ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوو. ھەڵبەتە نەھاتنیان بۆ کۆبوونەوەکە و ئامادەنەبوون بۆ گفتوگۆی راستەوخۆ کە تێیدا راستییەکان دەرکەون، جا بەھەر پاساو و بیانوویەک بێت، چەندین پرسیار رووبەڕووی یەکگرتوو دەورووژێنێ و وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەش بۆ رای گشتی کوردستان جێ دەھێڵین.
وتەبێژی مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
١١/١٢/٢٠١١

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com