نوچه‌نێت- ئاژانسه‌كان
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ره‌تیكرده‌وه سه‌ردانی موقته‌دا سه‌دری رابه‌ری ره‌وتی سه‌در بۆ وڵاته‌كه‌ی به‌مه‌به‌ستی راوێژ كردن بیت له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی وڵاته‌كه‌ی.
جابری ئه‌نساری وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، گوتی “موقته‌دا سه‌در به‌دواییانه به سه‌ردانی فه‌رمی و به‌مه‌به‌ستی راوێژ كردن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئێران نه‌هاتووه‌ته وڵاته‌كه‌یان”.
له پێشوودا چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك ئاشكرایانكرد، كه سه‌در بۆ سه‌ردانی چه‌ند خزمێكی چوه‌ته ئێران. هه‌روه‌ها بۆ سه‌ردانی نوسینگه‌ی شه‌هید سه‌در له شاری قومی ئێران چووه، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت هه‌فته‌ی داهاتوو بگه‌ڕێته‌وه بۆ عێراق.
موقته‌دا سه‌دری رابه‌ری ره‌وتی سه‌در دوای رووداوی چوونه ناو په‌رله‌مان به فڕۆكه‌یه‌كی ئێرانی به‌ره‌و ئێران به‌ڕێكه‌وت، هه‌ندێك له لایه‌نگرانی ده‌ڵێن به مه‌به‌ستی سه‌ره‌خۆشی كردن له كۆچی دوایی هه‌شته‌مین ئیمامی شیعه چۆه‌ته ئێران و له‌وانه‌یه بۆ ماوه‌ی دوو مانگ بمێنێته‌وه. هه‌روه‌ها رایگه‌یاند كه له‌و ماوه‌یه‌دا له كاری سیاسی دوور ده‌كه‌وێته‌وه.
رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مریكی جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، كه ئێران هه‌وڵده‌دات ئه‌و جوڵانه‌وەیە بوه‌ستێنێت، كه رابه‌ری ره‌وتی سه‌در دروستی كردوه و له دژی ئه‌و سیستمه سیاسییه‌ی كه سه‌در به “گه‌نده‌ڵ” ناوی ده‌بات.