نوچه‌نێت- میدڵ ئیست ئۆنلاین
یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی ئۆپۆزسیۆنی عێراق كه چاوه‌ڕوانده‌كرا له هه‌فته‌ی داهاتوودا له پاریس به‌ڕێوه بچێت، بۆ رۆژی 28ی ئه‌م مانگه دواخرا، به‌پێی زانیاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسیی عێراق، به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی فه‌ره‌نسا گوێ بده‌نه هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی عێراق بۆ رێگرتن له ئه‌نجامدانی ئه‌و كۆنگره‌یه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی عێراقی رایگه‌یاند، كه بڕیاری دواخستنه‌كه له‌سه‌ر خواستی فه‌ره‌نسا بووه، بۆ ئاماده‌كاری زیاتر و ته‌واو بوونی ڤیزای بانگهێشتكراوان بۆ كۆنگره‌كه.
به‌م دواییانە ئاشكرا بوو كه پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نسا، ئامادەکاری ده‌كات بۆ له خۆگرتنی گه‌وره‌ترین كۆنگره‌ی ئه‌و هێز و كه‌سایه‌تیانه‌ی كه پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق ره‌تده‌كه‌نه‌وه و به‌ره‌یه‌كی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی فراوان راده‌گه‌یه‌نن.
پێكهاته به‌شداره‌كان ئامانجیان دروستكردنی یه‌كه‌م كیانی عێراقی ئۆپۆزسیۆنه له ده‌ره‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی، كه له رووی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه پشتگیری بكرێت، بڕیار وایه نوێنه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بی و بیانییه‌كان به‌شداربن.
هه‌روه‌ها نزیكه‌ی 300 كه‌سایه‌تی عێراقی له تایفه و نه‌ته‌وه‌ی جیاواز ئاماده‌ن بۆ به‌ستنی یه‌كه‌م كۆنگره‌ی دامه‌زراندنی ئۆپۆزسیۆنی عێراق، كه لە دوای 2003 وە ئه‌مه یه‌كه‌مجاره رووبدات و كۆنگره‌یه‌كی نیشتمانییه .
ده‌سه‌ڵاتدارانی فه‌ره‌نسا، رازی بوون له‌سه‌ر میوانداری كردنی ئه‌و كۆنگره‌یه، كه به چاودێری یه‌كێك له رێكخراوه ئه‌وروپییه‌كانه، سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی فه‌ره‌نسا میوانداری ئه‌و كۆنگره‌یه نه‌كات.
سه‌رچاوه فه‌ره‌نسییه‌كان ئاشكرایان كرد، كه پێش دوو هه‌فته حكومه‌تی عێراق شاندێكی باڵای به سه‌رۆكایه‌تی فالح فه‌یازی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی ئه‌منی ناردوه‌ته پاریس له گه‌ڵ لایه‌نی فه‌ره‌نسی كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه، بۆ رێگرتن له به‌ستنی ئه‌و كۆنگره‌یه له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی.
هه‌ر ئه‌و سه‌رچاوانه ئه‌وه‌یان دركاندوه كه شاندی عیراقی داوایان له فه‌ره‌نسا كردووه، كه روونكردنه‌وه بدات سه‌باره‌ت به كۆنگره‌ی ئۆپۆزسیۆن كە بڕیاره له فه‌ره‌نسا ساز بكرێت، دا‌واشیان كردووه كه رێگری بكرێت له‌و كۆنگره‌یه به بیانووی ئه‌وه‌ی كه ده‌بێته هۆی لاواز بوونی به‌ره‌ی ناوخۆیی له عێراق كه ئێستا له جه‌نگدان دژی داعش.
به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی فه‌ره‌نسا، گوێیان بۆ داواكارییه‌كه‌ی فه‌یاز نه‌گرتووه و پێیان گوتووه ئه‌و كۆنگره‌یه‌ی كه له پاریس ده‌به‌سترێت له هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌یه‌كی گونجاودایه، بۆ ده‌ربازبوونی عێراق له‌و قه‌یرانه‌ی تێیكه‌وتووه.
فه‌ره‌نسییه‌كان به شانده عێراقییه‌كه‌یان گوتووه، كه له خۆگرتنی ئه‌م كۆنگره‌یه به‌شێكه له ئازادی راده‌ربڕین و، ئه‌وه‌شیان به بیر شانده‌كه‌ی عێراق هێناوه‌ته‌وه كه ده‌یان كۆنگره‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق له پاریس به‌ستراوه.
رێكخه‌رانی كۆنگره‌كه، له بانگه‌شه‌كانیاندا جه‌خت له رووكاری شارستانییانه‌ی عێراق ده‌كەنەوه و هه‌ژموونی ئێران و تایفه‌گه‌ری و تیرۆر و میلیشیاكان ره‌تده‌كه‌نه‌وه.
هه‌ندێك راپۆرت باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه رێكخه‌ره عێراقییه‌كانی كۆنگره‌كه ده‌ستیان كردووه به په‌یوه‌ندی كردن به لایه‌نه ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشتگیری بۆ پرۆگرامه‌كه‌یان له راستكردنه‌وه‌ی بارودۆخی عێراق و، تێپه‌ڕاندنی پرۆژه‌ی رزگار كردنی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌قینه و گشتگیر، لابردنی ئه‌و ده‌موچاوانه‌ی ده‌ستیان به‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی عێراقه‌وه گرتووه له ساڵی 2003وه و، به‌رهه‌مهێنانی دەموچاوی نوێ كه خاوه‌ن هێز و توانابن و بەهر‌ه و ئاراسته‌یه‌كی نوێ بڕۆن، كه وڵاتەكە له‌م قه‌یرانه‌ی ئێستا رزگار بكات.