نوچە-رادیۆ فەردا
عەلی شەمخانی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەڵێت: هێرشەکانی ئەم دواییانە لە سوریا کە بووە بۆی کوژران و برینداربوونی دەیان کەس لە ئەندامانی سوپای پاسداران، ئەنجامی کەڵک وەرگرتنی خراپ لە نیازپاکی ئێران سەبارەت بەردەوامبوونی ئاگربەستەکە بووە.
شەمخانی لە وتووێژ لە گەڵ تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران، بە ئاماژەدان بەوەی کە لە کۆی سێ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی دژبەرانی ئەسەد، دوو ناوچەی کۆنتڕۆڵ کراوەتەوە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم هێرشانە بێ وەڵام ناهێڵنەوە.
لەم رۆژانەی دوایی لە میانەی شەڕ و پێکدادانەکانی سوریا لە دەوروبەری حەلەب، چەندین کەس لە هێزەکانی سوپای پاسداران کوژران وبریندار بوون. بە پێی راپۆرتەکان چەند کەسێکیش لە لایەن دژبەرانی ئەسەد بە دیل گیراون.
سوپای پاسدارانی پارێزگای مازەندەران، لە هەواڵێکدا کوژرانی ١٣ کەس لە ئەندامانی خۆی لە سوریا پشتڕاست کردەوە.