تەنیا چارەسەر پێناسە کردنەوەی سنورەکانی سایکس-بیکۆ-یە

0

نوچەنێت

دەیڤید ئیگناتیوس،شرۆڤەکاری ئەمریکی  لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، لە وتارێکدا گۆڕینی سنورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەنها چارەسەری قەیرانی ناوچەکە هەژمار دەکات.

ئەم مانگە سەدەمین ساڵوەگەڕی رێکککەوتنی سایکس-بیکۆ یە کە بووە هۆی پێکهاتنی عێراق و سوریا و وڵاتانی دیکەی ناسەقامگیر لە سەر نەخشەی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا ئاماژە و نیشانەکان ئەوەیان خستە رو کە  ئەو چوارچێوە داگیرکاریەی کە لە لایەن فەرەنس و بەریتانیاوە دانرا،چارەسەر نییە.

عێراق و سوریا لە سەردەم هەڵوەشانەوەدان. عێراق زۆر بە جدی بە سەر سێ ناوچەی شەڕلێدراو دابەش کراوە، ناوچە سوننەکان کە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدایە.هەرێمی کوردستان کە وەک دەوڵەتێکی بچوک رەفتار دەکات و ناوچەکانی باشور کە لە ژێر رکێفی شعیەکاندایە.چەشنی ئەم پێکهاتە لەرزۆکە لە سوریاش بوونی هەیە.دەوڵەتی مەرکەزی لەم دوو وڵاتە لە ناوچووە.

مەسرور بارزانی،راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمی کوردستان کە لە نووسینگەکەی خۆی لە ناوچەیەکی کوێستانییەوە دەیڕوانییە هەولێر ،لە وتووێژێکدا بە راشکاوانە گوتی:بۆ ماوەی ١٠٠ ساڵە سیستمێک لە عێراق لە سەر دەسەڵاتە ،بەڵام لە ئێستادا شکستی هێناوە. عێراق هیچ کات لە سەر بنەمایەکی دروست بنیات نەنراوە.ئەم وڵاتە بە ئاراستەی بەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەکان هاتە کایەوە. سەد ساڵ شکست و ناکامی بەسە،دەبێ بڕوانینە بژاردەی نوێ.

بەرهەم ساڵح،سەرۆکوەزیرانی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری پێشووی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەبارەت بە عێراق  و ناوچەکە بۆچونێکی هاوشێوەی هەیە.لە ئێستادا زانکی ئەمریکی عێراق-سلێمانی ئیدارە دەکات.

بەرهەم ساڵح پێی وابوو، کە کێشەکە تەنها رێکخستنەوەی سەرلەنوێی حکومەت نییە.سیستمی سیاسی عێراق لە دوای ٢٠٠٣ەوە کە بە پشتگیری ئەمریکا بنیات نرا لە لیواری هەڵدێردایە.سەردەمێکی نوێ دەستی پێکردووە،.کەوتنی عێراقی ئێستا و گۆڕینی بۆ حکومەتێکی سەرەڕۆ یان پێکهێنانی عێراقێکی لامەرکەزی و فیدڕاڵ دوو بابەت و بژاردەی لێکجیاوازن.

لە میانەی سەردانەکەم بۆ عێراق، گوێم لە روانگە و بۆچوونی هاوشێوەی سەرکردەکانی کورد و رێبەرانی سوننە بوو.ئپێیان وابوو  عێراق  وسوریا لە بەردەم نوقتە گۆڕاندان. ئەولەوییەتی یەکەم شکست دانی داعشە، بەڵام دەبێ ئەمریکیەکان هاوکات لە گەڵ هاوپەیمانانی خۆی بابەتی پێکهاتەی سیاسی داهاتووی ئەم وڵاتە بخاتە بەرباس.

گەر دەتانەوێ بزانن ئەمریکا بە چ شێوەیەک دەربارەی کۆتایی هێنان بەم کارەساتە داهێنەرانە بیر بکاتەوە بیرۆکەیەکتان هەبێت. بڕواننە ساسەتی ئەمریکا لە ١٩٤٤.یەک ساڵی مابوو شەڕی خوێناوی شەڕی دووەمی جیهانی کۆتایی پێ بێت، بەڵام سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا فرانکلین رۆزڤێڵت ئەم دووربینەوەی هەبوو کە بیر لە کۆمەڵێک دامەزراو بکاتەوە، کە بکەوێتە خزمەت پاراستی ئاشتی و خۆشبژێوی، دوای ئەوەی کە شەڕ بگاتە کۆتایی. تا کۆتایی ئەو ساڵە پپلانرێژییەکی ورد بۆ دامەزراندنی سندووقی نێودەوڵەتی دراو، بانکی جیهانی و رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەستی پێکردبوو.

ئەمە  هەمان ئەو کێشەیە لە بەردەم باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا، کە لە بەرەبەری کۆتایی سەرۆکایەتی خۆیدایە. ئۆباما دەبێ دەست بکات بە دانانی کۆڵەکەکانی سیستمێکی نوێی ناوچەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئەمن  وئاسایش و سەروەری و خۆشبژێوی ئابوریی باشتر بۆ سوننە، شیعە  وکورد و کەمینەکان دابین بکات، کە وەک تانوپۆیەک لە ناوچەکە تێکچڕژاون. یارمەتی خەڵکی ئەم ناوچە کاول بووە بدەن تاکو بتوانن پێکهاتەکانی حکومەت دابمەزرێننەوە بە شێوەیەکی کارا.

کوردەکان رەنگە بە زویی لە رێگەی گشتپرسییەکی یەکلاکەرەوە کە ئایا خوازیاری سەربەخۆیی کوردستانن یان نا، ئەم بابەتە ئاڵۆزتر بکەن. ئەگەر وەها حکومەتێک لە ئەنجامی رێککەوتن لە گەڵ دەولەتی مەرکەزی و بە رێگەی وتووێژەوە بێتە کایەوە ئەوە دەبێ ئەمریکا پشتگیری رەوتەکە بکات.

هەوڵدان بۆ لەپاڵ یەک دانانی ئەم بەشانە لە چوارچێوەی وڵاتانی یەکپارچە نابێتە چارەسەر.ئەمریکا هەوڵی خۆی دا بەڵام لە عێراق شکستی هێنا.ئێرانیش ئەو توانایە لە خۆیدا نابینێ کە ئەم سیستمە بپارێزێ.توندوتیژیەکانی هەفتەی رابردووی پەرلەمانی عێراق دەبێ وەک ئەزموونێک لێی فێر بین.توندوتیژییەک کە زۆرتر ململانێی ناوخۆیی شیعە لە گەل شیعە بوو.

یەکێک لە سیما ناسراوەکانی عێراق گوتویەتی: ئێرانیەکان هەمان هەڵەی ئەمریکیەکان دووبارە دەکەنەوە، کە لە دوای ٢٠٠٣ دوچاری بوون. ئێران زۆر بە جدی هەنگاوی نا و پێیوان وابوو کە هەموو شتێک لە ئیرادەی ئەواندایە، بەڵام بنیات نانی عێراقێکی یەکپارچەی شیعە خەریکە شکست دێنێ. بنیات نانەوەی رۆژهەڵاتی پارچەپارچە  لە توانای جیلێکدایە، بەڵام کات بۆ ئەمریکا، ئەوروپا، روسیا،ئێران و سعودیە بەسەر چووە. ئەوان دەبێ لە پاڵ خەڵکی سوریا  وعێراق بیر لە پێکهاتە نوێکان بکەنەوە کە ئەنجامەکەی ببێت بە چارەسەریی وقەرەبووکردنەوەی هەڵە و ناعەدالەتیەکانی سەدەی رابردوو.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com