نوچه‌نێت
جووڵانه‌وه‌ی “خزمه‌ت” ی فه‌تحوڵڵا گیوله‌ن و حیزبی ئاكه‌په‌ی ره‌جه ته‌یب ئه‌ردۆغان، هه‌ردووكیان لایه‌نگری مه‌نهه‌جی ئیسلامیی سوننه‌ن، به‌ڵام دونیابینی جیاوازیان بۆ كۆنترۆڵكردنی ده‌سه‌ڵات هه‌یه.
ئاكه‌په وه‌ك هه‌ر حیزبێكی سیاسی دیكه، چاوی له هه‌ڵبژاردن و وه‌رگرتنی راسته‌وخۆی ده‌سه‌ڵاته، به‌ڵا گیوله‌نییه‌كان ناڕاسته‌وخۆ ده‌سه‌ڵات كۆنترۆڵده‌كه‌ن و ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن هه‌رچی بێ، ئه‌وان هه‌ر هه‌ن.
گیوله‌نییه‌كان خۆیان وه‌ك بزووتنه‌وه‌ییه‌كی كلتووری ئیسلامی ده‌ناسێنن و وای نیشانده‌ده‌ن كه كاریان به‌سه‌ر سیاسه‌ته‌وه نییه، به‌ڵام زۆربه‌ی چاودێران كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی گیوله‌نییه‌كانیش مۆدێلێكی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه بۆ سیاسه‌تكردن: ئه‌ویش به جێگیركردنی ئه‌ندامه‌كانیان له‌ناو ده‌زگاكانی پۆلیس و دادوه‌ریدا. ده‌گوترێ ئه‌م هه‌وڵه‌ی بزووتنه‌وه‌كه له حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو ده‌ستپێكردووه و ئه‌وكاته مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌بووه له رێگه‌ی كۆنترۆڵكردنی پۆسته حكومیه‌كانه‌وه كاره دوژمنكارانه‌كانی حكومه‌تی توندڕه‌وی عه‌لمانی ئه‌وكات به‌رامبه‌ر گرووپه دینییه‌كان، هێوربكه‌نه‌وه و كاریگه‌رییان كه‌مبكه‌نه‌وه. (1)
ساڵی 2002 كاتێك حیزبی ئاكه‌په هاته سه‌ر حوكم، پێگه‌یه‌كی به‌هێزی نه‌بوو، چونكه دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت هێشتا به‌ده‌ست لایه‌نه عه‌لمانییه‌كانی پێشووه‌وه بوون. له‌و كاته‌دا گیوله‌نییه‌كان به‌هۆی هه‌واداره‌كانیان له‌نێو دامه‌زراوی پۆلیس و دادوه‌ریدا، توانیان هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر ئاكه‌په كه‌مبكه‌نه‌وه، ئیدی هاوپه‌یمانێتی سرووشتی ئاكه‌په و گیوله‌نییه‌كان رۆژ به رۆژ له به‌هێزیدا بوو. (1).
گیوله‌نییه‌كان وه‌ك گرووپێكی ئایینی هه‌میشه هانی ئه‌ندامانیان ده‌ده‌ن له چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه‌كاندا كاربكه‌ن، هه‌روه‌ك به چڕ كار له‌سه‌ر كه‌رتی خوێندن و په‌روه‌رده ده‌كه‌ن.
به‌ڵام چالاكی گیوله‌نییه‌كان هه‌ر له چوارچێوه‌ی ئایین و په‌روه‌رده‌دا راناوه‌ستێ، به‌تایبه‌ت له‌ناو توركیا كه ملیۆنان هه‌واداریان هه‌یه. جگه له هه‌بوونیان وه‌كو ئه‌فسه‌راننی پۆلیس، دادوه‌ر، مامۆستا و په‌روه‌رده‌كار، سیاسه‌توان، رۆژنامه‌نووس، بیرۆكرات و ته‌نانه‌ت ئه‌فسه‌رانی سوپا، قوتابیان و شاگردانی به‌ڕێز گیوله‌ن ده‌ستیانداوه‌ته دامه‌زراندنی ده‌زگای گه‌وره‌ی راگه‌یاندن، كۆمه‌ڵه‌ی بزنس، نه‌خۆشخانه، كلینیكی پزیشكی، هوتێل، ده‌زگای خێرخوازی و بانكی. (2)
گیوله‌نییه‌كان ناڕاسته‌وخۆ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌بووه، به‌جۆرێك گیوله‌نییه‌كان یارمه‌تی ئاكه‌په‌یان دا كه‌سانی شیاو بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ربژێر بكه‌ن و ئه‌وه‌یش هۆكارێكی گرنگی سه‌ركه‌وتنی ئاكه‌په بوو له هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوودا، له به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی ئاكه‌په چاوپۆشی ده‌كرد له زیادبوونی گیوله‌نییه‌كان له دامه‌زراوه‌كانی پۆلیس و دادوه‌ری و ده‌زگاكانی تری ده‌وڵه‌تدا. (3)
حه‌نه‌فی ئاڤچی به‌رپرسی پۆلیسی ئاسكیشه‌هر و شوێنكه‌وتووی پێشووی فه‌تحوڵڵا گیوله‌ن، ده‌ڵێ: گیوله‌نییه‌كان ده‌زگاكانی پۆلیس و هه‌واڵگری و دادگه‌رییان كۆنترۆڵكردووه. (4)
ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات، كه‌گیوله‌نیه‌كان دۆسیه‌یان بۆ هه‌موو كاربه‌ده‌ستان ئاماده‌یه و كه‌ی بیانه‌وێ سكاڵا له‌سه‌ر كه‌سێك رێكده‌خه‌ن و پلانی ده‌ستگیركردنیشی رێكده‌خه‌ن. ده‌شڵێت، گیوله‌نییه‌كان سه‌ره‌تا دۆسیه‌ی كه‌سه‌كه دزه پێده‌كه‌نه ناو میدیاكان دواتر داواكاری گشتی و پۆلیس ده‌خرێنه‌گه‌ڕ. (4)
ئاڤچی هۆشداریده‌دات “ده‌وڵه‌ت زوو هه‌ستی به كاره‌كانی گیوله‌نییه‌كان نه‌كرد و به‌وه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی كرد، چونكه گیوله‌نییه‌كان به‌سه‌ر هه‌موو به‌شه‌كانی ده‌زگای هه‌واڵگری توركیادا زاڵن”. (4)
ساڵی 2011 ورده ورده جیاوازی كه‌وته نێوان گیوله‌نییه‌كان و ئاكه‌په و ساڵی 2013 ته‌واو شكست به په‌یوه‌ندییه‌كانیان هات، چونكه ئیدی سوپای توركیا له‌لایه‌ن ئاكه‌په كۆنترۆڵكرا و چیتر ترسی كوده‌تا له‌لایه‌ن سوپاوه نه‌ما و پێویستیان به هاوكاری گیوله‌نییه‌كان نه‌ما، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه، ئایا گوله‌نییه‌كان به‌درێژایی حكومه‌ته تونده‌كانی توركیا دژ به‌ئیسلامی و ته‌نانه‌ت له‌حكومه‌تی به‌رهه‌می كوده‌تاكانیش به‌رده‌وام له‌زیادبووندا بوون، ئاكه‌په ده‌توانێت بیانوه‌ستێنێ ؟
- http://www.al-monitor.com/pulse/ja/originals/2014/01/akp-gulen-conflict-guide.html#
- http://www.ft.com/intl/cms/s/0/4ef8cb6a-8cc0-11e3-ad57-00144feab7de.html#axzz47z1z2VL7
- http://www.telegraph.co.uk/news/worldnews/europe/turkey/11397876/A-parallel-state-within-Turkey-How-the-countrys-democracy-came-under-attack-from-two-mens-rivalry.html
- http://www.hurriyetdailynews.com/former-turkish-police-chief-claims-gulen-movement-pulls-strings-in-police-judiciary.aspx?pageID=238&nID=60984&NewsCatID=338