نوچەنێت
ئەو گٶڕانکارییە بێ وێنانەی کە تورکیا، لە مەودای ساڵەکانی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠١٢ بە خۆیەوە بینی زیاتر لەوەی کە دەرئەنجامی ئایدیا و بیرۆکەکانی ئەردۆغان بێت، زیاتر ئەنجامی سیاسەت و بیری ئەحمەد داود ئۆغڵو بوون. ئەوەی کە ئێستا داود ئۆغڵو لە بازنەی دەسەڵات دوور دەکەوێتەوە، لە لایەک پشتتێکردنی ئەردۆغانە لە ئایدیا و بیرۆکەکانی داود ئۆغڵو و، لە لایەکی دیکەوە هەڵوێست و روانگەیەکی جیاوازی داود ئۆغڵووە سەبارەت بە ئەردۆغان و سیاسەتەکانی پێشووی خۆی.
لە سیاسەتی ناوخۆیی تا سیاسەتی دەرەوە
داود ئۆغڵو، ئەگەر چی ئەندازیاری سیاسەری دەرەوەی نوێی تورکیا هەژمار دەکرێ، بەڵام یەکێ لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی سیاسەتی دەرەوەی خۆی لە دوتوێی کتێبی”قووڵایی ستراتیجی” لە سەر بنەمای یەکگرتوویی و سەقامگیری ناوخۆیی دادەبێ، لەو رووەوە کە پێی وابوو، دەبێ جیاوازی و فرەچەشنی تورکیا لە رووی پێکهاتەی نەتەوەیی و کەلتورییەوە وەک خاڵێکی بەهێز بایەخی پی بدرێ و بوار بۆ گەشانەوە ئامادە بکرێت.
داود ئۆغڵو پێی وابوو، کە سەقامگیری و دیموکراسی تەواوکەری یەکترن. لەم بارەوە هۆشداری دەدا کە سنوردارکردنی بێباکانەی دیموکراسی بە بیانووی پاراستنی سەقامگیری وئاسایش نە تەنها دیموکراسی لە ناودەبات، بەڵکو ئەمن و سەقامگیریشی بەدوادا نایەت.
ئەوەی کە داود ئۆغڵو لە میژووی ٩٠ ساڵەی تورکیا بە شێوەیەکی بی وێنە سەردانی رێبەرانی ئایینی ئەرمەنی و مەسیحی دەکات و، بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی پرسی کورد لە تورکیا پاڵ بە ئەردۆغانەوە دەنێت لەم روانگەوە سەرچاوە دەگرێت.
بەڵام لە دوای رووداوەکەی پارکی گێزی، لە ساڵی ٢٠١٢ بەردەوام نەبوون لە سیاسەتی چارەسەرکردنی کێشەی تورکیا لە گەڵ ئەرمەنستان و ئەرمەنیەکان و پەک خستنی پرۆسەی ئاشتی لە گەڵ کوردەکان، چەند ئاماژەیەک بوون کە هەنگاوە پێچەوانەکانی ئەردۆغانیان لەم بارەوە خستە روو، ئاراستەیەک کە جیاواز بوو لە کۆی سیاسەت و دەستکەوتەکانی ١٠ ساڵی رابردوو.
گومانێک لەوەدا نییە کە بەشێک لە هەنگاوە ئەرینی و بێ وێنەکانی ئەردۆغان، هەر لە سەرەتاوە بۆ بەهێزکردنی پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی خۆی و دوورخستنەوەی سوپا و نوخبە سیاسیە کۆنەکارەکانی تورکیا بوو، تا بۆ هەمیشە بیر لە کودەتای سارد و گەرم لە دژی دەوڵەتەکەی نەکەنەوە. بەشێکی دیکەی ئەم هەنگاوانەی ئەردۆغانبە ئاراستەی بەجێهێنانی مەرجەکانی ئەوروپا بوو بۆ چوونەوە ناوەوەی ئەم یەکیەتیە کە دیارە وەک پیویستی پێشوازی لێنەکرا، کە دواتر وێڕای هۆکارە ناوخۆییەکان لە راگیرانی رەوتی چاکسازی و لاوازکردنی بیرۆکە وسیاسەتەکانی داود ئۆغڵو دەوری بەرچاوی هەبوو.
چارەسەرکردنی کێشەی دراوسێکان
خاڵێکی گرنگی دیکەی داود ئۆغڵو، بۆ بۆ بەرزکردنەوەی جیگە وپێگەی ناوچەیی ونێودەوڵەتی تورکیا چارەسەرکردن و سفرکردنی تێکڕای کێشەکان بوو لە گەڵ دراوسێکان. هەر چەند ئەم خەسڵەتە سەبارەت بە ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٠٩ لە گەڵ کۆمەڵێک گرفت بەرەورو بووەوە، بەڵام لە سەر یەک سەرکەتوو بوو و ئەنقەرە تا ساڵی ٢٠١١ تورکیا رێکار و ئاراستەیەکی تایبەت گرتە بەر لە پەیوەندی لە گەڵ دۆستایەتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکان لە گەڵ دراوسی دوور و نزیکەکانی، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٢ ئاماژەکانی هێژمۆنخوازی لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا خۆیان دەرخست. ئەم سیاسەتە بواری ناوخۆیی و دەرەکی کە هەمان ئەسڵی یەکەم و دووەمی داود ئۆغڵو بوون لە گەڵ گرفتی جددی بەرەوروو کردەوە.
لە روانگەیەکی دیکەوە ئەم سیاسەتە نوێیەی ئەردۆغان، دوور کەوتنەوە بوو لە سیاسەتی دەرەوەی چەند رەهەندی(هاوپەیمانی لە گەڵ رۆژئاوا و ناتۆ ودۆستایەتی هاوکات لە گەڵ روسیا و…)،کە وەک کۆڵەکەیەکی دیکەی سیاسەتی دەرەوەی داود ئۆغڵو پێناسەدەکرا.
لە میژووی هاوچەرخی تورکیا کەمتر بینراوە، کە پەیوەندیەکانی ئەم وڵاتە لە گەڵ تورکیا و واشنتۆن ئا ئەم رادەیە ئاڵۆز بووبێ، هەر چەند ئەنقەرە لەم ناکۆکی و جیاوازی و ئاڵۆزیانە پشکی کەمی بەردەکەوێ و دەکرێ کۆمەڵێک هۆکار دیکەش دەستنیشان بکرێن.
وەلانان یان دوور کەوتنەوەی داود ئۆغڵو، لە بازنەی سیاسەتی تورکیا رەنگە ئەنجامی ئەو رەوتە سیاسیە بێت کە تورکیا لە ماوەی سێ چوارساڵی رابردووا گرتویەتیە بەر. ئەم دوور کەوتنەوەی ئەردۆغان رەنگە ببێتە پاڵنەری رەوتێکی نەرێنی لە تورکیا وئەوەی کە ئێستا لە ئارادایە.