نوچه‌نێت-هه‌ولێر
ئه‌مڕۆ هه‌ینی سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسی ئاگادار به ئاژانسی غه‌د پرێسی راگه‌یاندووه، هه‌ردوو لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا و ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی له عێراق لە یەك نزیك بوونه‌ته‌وه بۆ دانانی كه‌سێكی دیكه له جێگه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی بۆ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق.
سه‌رچاوه‌كه ئاشكرایكردووه “نووری مالیكی له ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا و هومام حه‌موودی له ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی عێراق له‌سه‌ر ئه‌گه‌ری دروستكردنی هاوپه‌یمانێتییه‌كی نوێ وت‌ووێژیان كردووه، كه تێیدا كه‌سێكی دیكه له‌بڕی عه‌بادی بكرێته سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق”.
سه‌رچاوه‌كه گوتوویه‌تی “هه‌ردوولا هاوڕابوون كه عه‌بادی بگۆڕدرێت، كاتێك هومام حه‌موودی پێشنیازی وه‌زیری ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی نه‌وتی كردووه بۆ جێگرتنه‌وه‌ی عه‌بادی و مالیكیش پێی باشبووه”.
به گوته‌ی سه‌رچاوه‌كه، هه‌ومام حه‌موودی، له هەوڵی رازیكردنی هێزه كوردی و سوننییه‌كاندایه هه‌تا پشتیوانی عادل عه‌بدولمه‌هدی بن بۆ ئه‌وه‌ی ببێته سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.
هاوپه‌یمانێتییه نوێیه‌كه مه‌به‌ستییه‌تی ره‌وتی سه‌در پشتگوێ بخات و به‌شدارییان پێنه‌كات به تایبه‌ت كه گومانده‌كرێت ئه‌وان و عه‌بادی پێكه‌وه ژێر به ژێر رێككه‌وتبن بۆ دروستكردنی گرژییه سیاسییه‌كانی ئه‌م دواییه له پێناو فشار خستنه‌سه‌ر په‌رله‌مان و لایه‌نه سیاسییه‌كان، ئه‌وه‌ش پێشبینی ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت توڕه بوونی زیاتری ئه‌و ره‌وته و لایه‌نگره‌كانی لێبكه‌وێته‌وه.