نوچه‌نێت-واشنتن پۆست
رۆژنامه‌ی واشنتن پۆست داوا له كۆشكی سپی ده‌كات، واز له وه‌همه‌كانی بێنێ له عێراق و ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كورد هه‌یانه بیداته سوننه‌كانیش، جه‌ختیشده‌كاته‌وه، كه ناكرێ عێراق به‌شێوه‌ی یه‌كپارچه فه‌رمانڕه‌وایی بكرێ.
له سه‌روتاری ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ی خۆیدا واشنتن پۆست ده‌ڵێت” ئیداره‌ی ئه‌مریكه له‌وه‌ته‌ی هه‌یه به‌ده‌ست دوو هه‌ڵه‌وه له عێراق ده‌ناڵێنێ به ئێستاشه‌وه، یه‌كه‌م پشت به‌ستن به كه‌سه فه‌رمانڕه‌واكان و دووه‌م مامه‌ڵه نه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆخی هه‌نووكه‌ییو ئه‌مری واقیعی عێراق”.
له سه‌رو‌تار‌ەكه‌دا هاتووه، كه له ساڵی 2012 و له سه‌روبه‌ندی كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكییه‌كان له عێراق، ئیداره‌ی ئه‌مریكا به ته‌واوی پشتی به‌ست به نوری مالیكی، ئه‌وه‌ش كاره‌ساتی لێكه‌وته‌وه، چونكه مالیكی سیاسه‌تێكی تایفه‌گه‌رییانه‌ی پێڕه‌وكرد و سیستمه سیاسییه عێراقییه‌كه‌ی له‌توپه‌ت كرد و رێگه‌ی خۆشكرد بۆ ده‌ركه‌وتنی داعش.
رۆژنامه‌كه هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، دواتر ئه‌مریكا كاری له‌سه‌ر لابردنی مالیكی كرد و ته‌واو پشتی به عه‌بادی به‌ست، له سه‌روبه‌ندی كۆتاییهاتنی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی و بۆ لاوازكردنی داعش زۆر پشت به عه‌بادی ده‌به‌ستێ به‌شێوه‌یه‌كی نالۆژیكی، عه‌بادیش رۆژ به رۆژ ده‌یسه‌لمێنێ حوكمی عێراقی پێناكرێ.
واشنتن پۆست هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، له لوتكه‌ی لاوازیی عه‌بادیدا ئه‌مریكا ده‌ستی به چه‌ند هه‌وڵێكی نه‌گونجاوكرد ئه‌ویش به‌وه‌ی جۆ بایدنی نارد و وای پیشاندا، زیاتر و زیاتر پشت به عه‌بادی ده‌به‌ستێ.
رۆژنامه‌كه گوتی، له‌وه‌ته‌ی داعش هاتووه‌ته عێراق و ناوچه سوننییه‌كانی كۆنترۆڵكردووه، ئۆباما به‌شێوه‌یه‌كی عینادانه هه‌ر باسی درووشمی عێراقی یه‌كپارچه ده‌كات و، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌وه بشبێته‌هۆی بێبه‌شكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سوپاكه‌ی له‌و كه‌ره‌ستانه‌ی پێویستیانن بۆ شه‌ڕ له دژی داعش، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر حیسابی ده‌رنه‌كه‌وتنی فه‌رمانڕه‌واییه‌كی سوننی كه بتوانن ناوچه‌كانی خۆیان به‌ێوه‌ببه‌ن.