لە عێراق خۆپێشاندانی دژ بە ئێران بەڵام بە قازانجی ئێران

0

نوچەنێت
ماڵپەڕی هیل سەر بە کۆنگرێسی ئەمریکا بە بڵاوکردنەوەی راپۆرتێکی شیکاری لە نائارامی و ئاڵۆزیەکانی چەند رۆژی رابردووی بەغداد، دەڵێت: لە کاتێکدا خۆپێشاندەرانی لایەنگری موقتەدا سەدر لە میانەی خۆپێشاندانەکانی خۆیاندا لە پاڵ دروشمی دژ بە گەندەڵی، دروشمی دژە ئێرانیشیان سەرهەڵدا، بەڵام سەرباری هەمووی ئەمانە کۆماری ئیسلامی ئێران، گەورەترین براوەی گۆڕینی حکومەتەکەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێت.

ماڵپەڕی هیل، لە درێژەی راپۆرتەکەی خۆیدا دەنووسێت: حکومەتی عێراق هاوکات لە گەل پەرەسەندی خۆپێشاندانەکان لە بەردەم مەترسی کەوتندایە، بەڵام هەر حکومەتێک کە لە دوای حەیدەر عەبادی بگاتە دەسەڵات بێ گومان زیاتر لە رابردوو لە ژیر هەیمەنە و دەسەڵاتی ئێراندا دەبێت، بە پێچەوانە کەمتر لە ژێر کاریگەری ئەمریکادا دەبێت. ماڵپەڕی هیل گریمانەی ئەوە دەکات، کە تەنانەت دەوڵەتی داهاتووی عێراق، لە ئەگەری کەوتنی عەبادی کەمتر نوێنەرایەتی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی عێراق دەکات بە تایبەت کورد و سوننە.

بە پێی ئەم راپۆرتە، سەرکردەی خۆپێشداندان و رەوتی ناڕازیانی عێراقی، موقتەدا سەدر کەسایەتی شیعەی خاوەن هێز و دەسەڵاتە، کە تا ساڵی ٢٠٠٧ لە عێراق چالاکی بووە و دوای ئەوەی کە لە لایەن ئەمریکاوە کەوتە ژیر گوشار، چووە ئێران و تا ساڵی ٢٠١١ لە ئێران مایەوە. گروپە چەکدارەکانی لایەنگری سەدر یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی پەرەپێدانی توندوتیژی فیرقەیی و کوشتاری هێزەکانی ئەمریکا بوون لە ساڵەکانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٧.

لە درێژەی راپۆرتەکەی هیلدا هاتووە: ئەگەری ئەوەی کە خۆپێشاندانەکانی لایەنگرانی سەدر، ببێتە هۆی باشتر بوونی دۆخی سیاسی عێراق، ئەگەرێکی لاوازە و هیچ یارمەتییەک بە چارەسەری گەندەڵی لەم وڵاتە ناکات. لە ئەگەری بەدەسەڵات گەیشتنی سەدر نە تەنیا دۆخی عێراق بەرەو باشی ناروات بەڵکو رەوشەکە زیاتر لە هەموو کاتێک بۆ پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە ئاڵۆزتر دەبێت و دەوڵەتی نوێی عێراق کورد و سوننە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی حکومەتی مەرکەزی لە بەغدا وەلادەنێت و بە یەکجاری پەراوێزیان دەخات.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەی هیل، تیشک خراوەتە سەر ریشەی بنەماڵەیی موقتەدا سەدر و نزیکایەتی و بەستراوەیی ناوبراو بە ئێران و، بەم پێیەش ئەگەر و دەرهاویشتەکانی کەوتنی دەوڵەتی عەبادی تاوتوێ کراوە.

بە پێی هەڵسەنگاندنی ئەم راپۆرتە، کەوتنی دەوڵەتی عەبادی دەتوانێت دەرهاویشتەی نەخوازراوی لە راستای شەڕ لە دژی داعش بەدوادا بێت، بەڵام بە سەرنجدان بە جددی نەبوونی ئیدارەی ئۆباما بۆ بەرەنگاربوونەوەی جددی و راستەقینە لە گەڵ داعش، دەبێتە هۆی ئەوەی کە مەترسی و هەڕەشەکانی سەر ناوچە سوننەکانی ژیر دەسەڵاتی داعش زیاتر بێت.

هیل بە ئاماژەدان بە  بێزاری و نەفرەتی شیعەکان لە داعش، پێشبینی ئەوە دەکات، لە ئەگەری کەوتنی دەوڵەتی عەبادی و هاتنە سەر دەسەڵاتیێکی نوێ، کە زیاتر لە ژێر کاریگەری و دەسەڵاتی رەوتی سەدردا دەبێت، شەڕ لە گەڵ داعش لە ناوچە سوننەکان توندتر ببێتەوە، بەو پێیەش کە رەوتی سەدر خەساری گیانی خەڵکی مەدەنی سوننەی بەلاوە گرنگ نییە، ئەگەری بەرزبوونەوەی رێژەی قوربانیان لە ناوچە سوننەکان، ئەگەرێکی بەهێز دەبێت.

لە کۆتایی راپۆرتەکەدا، جیم هانسۆن نووسەری راپۆرتەکە، پیشنیارێک دەخاتە بەردەم دەوڵەتی داهاتووی ئەمریکا، کە بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ عێراق لە گەڵ پلانی دابەشکردنی ئەم وڵاتە رەزامەند بێت، تا لە داهاتوودا سێ وڵاتی سەربەخۆی کورد، شیعە و سوننە لە عێراق پێکبێت.

بە رای نووسەری ئەم راپۆرتە، لە ئێستادا ژێرخانی لەبار بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی  فەراهەمە و شیعەکانیش پشتیان بە دۆستە ئێرانییەکانی خۆیان گەرمە، دەمێنێتەوە سوننەکان، کە دەوڵەتی داهاتووی ئەمریکا دەبێت داوایان لێبکات لە بەرامبەر بەڵێنی پێکهاتنی دەوڵەتێکی سوننەدا، گروپ و عەشیرەتە سوننەکان یەکگرتوو بن تا لەم رێگەوە شەڕ لە دژی داعش درێژە پێبدەن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com